رووداو دیجیتاڵ
ئەمینە محەممەد، جێگری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە داوای لە سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەشداری لە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکاندا بکەن، بە مەبەستی بەدیهێنانی "ئاسایشێکی گەورەتر" و داماڵینی ناوچەکە لە چەکی ئەتۆمی و چەکەکانی دیکەی کۆمەڵکوژ.
لە میانی وتارێکیدا لە حەوتەمین خولی کۆنفرانسی تایبەت بە دامەزراندنی ناوچەیەکی بێ چەکی ئەتۆمی و چەکی کۆمەڵکوژ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمینە محەممەد هانی دەوڵەتانی ناوچەکەی دا کە ئەم گفتوگۆیانە بقۆزنەوە بۆ "چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانییانەی لێکیان دادەبڕێت، و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش کە بتوانرێت لەسەر بنەمای ئەو خاڵانە ئاسایشێکی بەهێزتر بنیات بنرێت."
ئەمینە محەممەد داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد کە "پشتیوانیی سیاسیی شایستە" بۆ سەرخستنی ئەم گفتوگۆیانە دابین بکەن.
جێگری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمێژە باجێکی ئێجگار قورسیان بەهۆی نائارامی و ململانێکانەوە داوە؛ ناکرێت ئەوان بەردەوام لەژێر ترسی ئەوەدا بژین کە رووبەڕووبوونەوەی داهاتوو دەبێتە کارەساتێک کە هیچ کۆمەڵگەیەک نەتوانێت لێی دەرباز بێت و چاکببێتەوە."
عومان: دیالۆگی گشتگیر باشترین چارەسەرە
عومەر ئەلکەسیری، باڵیۆزی عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی خولی حەوتەمی کۆنفرانسەکە، داوای لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە بەشداری لە کۆنفرانس و دانوستاندنەکاندا بکەن، بۆ ئەوەی "هەموومان پێکەوە بتوانین ئاسایشی بەکۆمەڵ بەدیبهێنین و وەڵامی نیگەرانییە رەواکانی سەرجەم لایەنەکان بدەینەوە."
ئەلکەسیری گوتی: "دیالۆگێکی گشتگیر کە لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و شەرعییەت لە نێوان هەموواندا داڕێژرابێت، باشترین رێگەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی ئێستا و گەیشتن بەو رێککەوتنانەی کە پێویستن."
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، جیبریل دیالۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەسەر پابەندبوون بە سیستمی نێودەوڵەتیی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کردەوە، لەنێویاندا پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (ئێن پی تی).
دیالۆ گوتی: "سێ پایە سەرەکییەکەی ئەم پەیماننامەیە، کە بریتین لە داماڵینی چەکی ئەتۆمی، رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی، و بەکارهێنانی ئاشتیخوازانەی وزەی ئەتۆمی، تەواوکەری یەکدین؛ بۆیە پێویستە هەرسێکیان بە تەواوەتی، بە دڵسۆزی و بەبێ هیچ جیاکارییەک جێبەجێ بکرێن."

