راستیی ئەو ڤیدیۆیەی بەیرووت ئاشكرابوو کە بەشێک لە خەڵک دەڵێن هێرشی مووشەکییە

07-08-2020
کۆشش بێستانسووری
نیشانەکردن بەیرووت لوبنان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە چەند رۆژی رابردوودا ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و باسیان لەوە دەکرد گوایە کۆگاکەی بەندەری بەیرووت بە مووشەک لێیدراوە، بەڵام کەناڵی سی ئێن ئێن کە خاوەنی ڤیدیۆکەیە دەڵێت، ڤیدیۆکە دەستکاریکراوە، ئەو رۆژنامەنووسەش کە ڤیدیۆکەی تۆمارکردووە دەڵێت، "هیچ مووشەکێکم نەبینیوە".
 
ڤیدیۆکە لەلایەن موحسین موختەفی، پرۆدیوسەری میدیایی سی ئێن ئێنی عەرەبییەوە تۆمارکراوە و ئاماژە بەوە دەکات، سەبارەت بە ڤیدیۆکە خەڵکێکی بەرچاو پەیوەندییان پێوەکردووە، دەشڵێت "ڤیدیۆ ئەسڵەکە لای منە و کاتێک خەڵک لەبارەیەوە لێم دەپرسن، پێیان دەڵێم کە ڤیدیۆ دەستکاریکراوەکە راست نییە".
 
ئەو رۆژنامەنووسە باسی لەوەش کردووە "دەتوانم بە دڵنیاییەوە ئەوە بڵێم کە من مووشەکم نەبینیوە و گوێم لە هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەبووە کە بەسەرما بفڕێت".
 
سی ئێن ئێن داوای لە کۆمپانیاکانی سۆشیاڵمیدیا کردووە کە راستیی ڤیدیۆکە بخەنەڕوو، بەڵام وەکو کەناڵەکە دەڵێت، تەنیا تیکتۆک و یوتیوب وەڵامیان داوەتەوە.
 
گوتەبێژی تیکتۆک بە کەناڵەکەی گوتووە، هەر کە زانیویانە ڤیدیۆکە ساختەیە سڕیویانەتەوە، ئەوەش بەهۆی پێشێلکردنی سیاسەتی تۆڕەکەیانەوە. یوتیوبیش بە هەمان شێوە رایگەیاندووە کە ڤیدیۆکەیان سڕیوەتەوە بەهۆی پێشێلکردنی رێکارەکانیانەوە.
 
رۆژی سێشەممە 4ی ئابی 2020 لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا، بەهۆیانەوە، جگە لە زیانی گیانی، زیانێکی زۆریی ماددی کەوتەوە.
  
بەهۆی تەقینەوەکەوە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 145 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش برینداربوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە