رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) هۆشدارییەکی ئەمنیی دەرکرد، دوای ئەوەی راپۆرتێک لەبارەی جووڵەی گوماناوی و روودانی چەندین تەقینەوە لە نزیک کەشتییەکی نەوتهەڵگر، لە دووریی نزیکەی 60 میلی دەریایی لە باشووری شاری مەخا لە کەناراوەکانی یەمەن تۆمارکرا.
بەپێی راگەیێندراوێکی UKMTO، بەرپرسی ئاسایشی کۆمپانیایەکی کەشتیوانی رایگەیاندووە کە لە مەودایەکی زۆر نزیک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکەوە، بینەری چەندین تەقینەوە بوون. رووداوەکە لە کاژێر 7:50 خولەکی ئێوارە بە کاتی هەولێر لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026 تۆمارکراوە.
سەرجەم ئەندامانی تیمی نێو کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی ژینگەیی لە ناوچەکەدا تۆمار نەکراوە، لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە چۆنیەتیی رووداوەکە.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا داوای لەو کەشتییانە کردووە کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕن، بەوپەڕی وریاییەوە هاتووچۆ بکەن و هەر چالاکییەکی گوماناوی دەستبەجێ بە دەستەکە رابگەیێنن.
شوێنی رووداوەکە دەکەوێتە ئاوەکانی باشووری کەناراوەکانی دەریای سوور لە یەمەن؛ ناوچەیەک کە لەم ساڵانەی دواییدا رووبەڕووی نیگەرانی و ئاڵۆزیی گەورەی ئەمنی بووەتەوە لە بواری کەشتیوانیدا.

