رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، شاندێکی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە سبەی دووشەممە سەردانی ریاز دەکات، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگریی نێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان لە چوارچێوەی "رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە."
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، شاندەکەی ئەنقەرە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و سەلچوک بایراکتارئۆغڵو، سوپاسالاری تورکیا پێکدێت و لە پایتەختی سعودیە لەگەڵ هاوتاکانیان لە پاکستان و سعودیە کۆدەبنەوە.
ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەی ریاز بریتییە لە: تاوتوێکردنی پڕۆسەی بەدامەزراوەییکردنی هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەکە. داڕشتنی هەنگاوە پراکتیکییەکانی داهاتوو لەسەر ئاستی سەربازی و هەواڵگری و هەڵسەنگاندنی مەترسی و ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنەوە.
رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە چییە؟
ئەم رێککەوتننامە سەربازییە لە 7ی ئابی 2026 لە شاری مەککە بە بەشداریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ محەممەد شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و شازادە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە واژۆ کرا. رێککەوتنەکە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایشی هەر سێ وڵاتە لە رێگەی دروستکردنی سیستمی بەرپەرچدانەوە و بەرگریی هاوبەشەوە.
بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکان، لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لە وەزیرانی دەرەوە، وەزیرانی بەرگری و سوپاسالارانی هەرسێ وڵات پێکهێنرا؛ یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەکەش لە 31ی ئابی 2026 لە شاری ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو و کۆبوونەوەکەی سبەی لە ریاز دەبێتە دووەم وێستگەی ئەم هاوپەیمانێتییە.

