رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕی شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کردووە، رۆژ دوای رۆژیش ژمارەی کوژراوان و برینداران و قەبارەی زیانەکان بەرز دەبنەوە.
ئیمان عومەر، دانیشتووی خان یونس هاوار لە خودا دەکات و دەڵێت، "کەسمان نییە جگە لە تۆ [خودا]؛ عەرەب و نەتەوەکان دەمانبینن و ناتوانن ئەو خوێنڕێژییەی غەززە بوەستێنن. بۆچی؟ هەڵەمان چییە؟ لەپێناو چیدا دەکوژرێین؟"
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکان و بارەگا هەستیارەکانی حەماس لە خان یونسن؛ هەروەها، زۆرینەی ئەو 137 بارمتەیەی لای حەماس ماون لەو شارەن؛ ئەوەش وایکردووە، لە 1ی مانگەوە ئامانجی سەرەکیی سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنی ئەو شارە بێت.
ئاوارەیەک بەناوی ئەبو عەهدی دیب دەڵێت، "هەموومان لە شوێنێک کۆبکەنەوە و بۆمبێکی ئەتۆمیمان بەسەردا بەربدەنەوە، بۆئەوەی بە جارێک لەدەستمان نەجاتتان ببێت."
خان یونس دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە. پێش دەستپێکردنی جەنگ ژمارەی دانیشتووانەکەی 381 هەزار کەس بوو. بەهۆی جەنگەکەشەوە نزیکەی 245 هەزار کەس ئاوارەی بوون و لە 71 شوێن لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەمێننەوە.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، سەربازانی ئیسرائیل دەوری خان یونسیان داوە و لە هەندێک بەرەیشەوە چوونەتە نێو شارەکەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ