حەماس داوا لە ئەمریکا دەکات گوشار لە ئیسرائیل بکات بۆ ئەوەی بە ئاگربەست رازیبێت

06-09-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی داوا لە ئەمریکا دەکات "گوشاری راستەقینە" بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی بە ئاگربەست رازیبێت. بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، هیچ رێککەوتنێک ناکرێت.
 
حەماس و ئیسرائیل یەکدی بە هۆکاری چەقبەستنی گفتوگۆکان تۆمەتبار دەکەن.
 
نەتەنیاهوو لە نێوخۆ و دەرەوەی ئیسرائیل رووبەڕووی گوشار دەبێتەوە بۆ ئەوەی بە رێککەوتنێک رازیبێت تاوەکو ئەو بارمتانەی لە دەستی حەماسدا ماون ئازادبکرێن و جەنگی خوێناویی سەر غەززە بوەستێت، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو، تەرمی شەش لەو بارمتانە لە توونێلێکی حەماس لە غەززە دۆزرانەوە. 
 
خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حەماس لە قەتەر گوتی: "ئەگەر ئیدارەی ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن دەیانەوێت بگەینە رێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵۆگۆڕکردنی بەندکراوان، پێویستە دەستبەرداری لایەنگیریی کوێرانەی خۆیان بۆ داگیرکاری زایۆنی بن"، داواشی لە ئەمریکا کرد، "گوشاری راستەقینە بخەنە سەر نەتەنیاهوو و حکومەتەکەی".
 
بەڵام نەتەنیاهوو بە میدیای ئەمریکای گوت، "هیچ رێککەوتنێک لە ئارادا نییە، بەداخەوە، نزیک نییە، بەڵام هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی بیانگەیێنینە خاڵێک کە رێککەوتن بکەن و لە هەمان کاتدا رێگری لە ئێران دەکەین بۆ ئەوەی نەتوانێت پشتیوانی لە غەززە بکات".
 
نەتەنیاهوو سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت سنووری غەززە لەگەڵ میسر لە دەستی ئیسرائیلدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، رێگری لە گەیشتنی چەک بە دەستی حەماس بکات.
 
حەماس داوای کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکات. 
 
بزووتنەوە فەلەستینییەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی، نەتەنیاهوو "دەیەوێت گەیشتن بە رێککەوتن پەکبخات".
 
حەماس دەڵێت، داڕشتنی رێککەوتنێکی نوێ پێویست نییە، چونکە چەند مانگێک لەمەوبەر لەسەر پێشنیازێکی بایدن رازی بوون.  
 
بزووتنەوەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "پێویستمان بە پێشنیازی نوێ نییە. هۆشداری دەدەین کە نەکەونە تەڵەکەی نەتەنیاهووەوە کە دەیەوێت دانوستاندنەکان بۆ درێژەدان بە دوژمنکاری دژی خەڵکەکەمان بەکاربێنێت".
 
بەڵام جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، واشنتن پێیوایە رێککەوتنی ئاگربەست 90٪ی تەواو بووە. باسی لەوەش کرد کە "دانوستاندن لەسەر هیچ شتێک تەواو نابێت تاوەکو دانوستاندن لەسەر هەموو شتێک دەکرێت، ئەو شتانەیشی ئێستا لەبەر باسن، پرسی پڕ لە وردەکارین، کە لێرەوە شتەکان زەحمەت دەبن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە