رووداو - دهۆک
چیرۆکى 29
سێ چەکدار وەک ئەوەی یەکەمینجار بێت لە ژیانیاندا تفەنگ بەدەستەوە بگرن ، لە حەوشەی ماڵەکەدا تەقەیان دەکرد، ئەو گومانى کردبوو ئەوان تەقە لە تانکیى سەربانى ماڵەکەیان بکەن.
هەموو خێزانەکەیان پێچایەوە و بردیاننە ماڵی دراوسێکەیان کە زۆربەی خزمەکانیان لەوێ دەستبەسەر بوون. ئەوە حاڵی گوندی وەردێ بوو لە درەنگانی شەوی سێى ئابی 2014 دا.
سێ چەکدارەکە لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری دیکە پێکهاتن لەسەر ئەوەی زوو لۆرییەکان بەڕێبخرێن نەوەک خەڵکی گوندەکە بیر لە هەڵاتن بکەنەوە: "پێویست بەو ترس و شڵەژانە ناکات، بۆ کارێکی پێویست دەتانبەینە تەلەعفەر و دەگەڕێنەوە". بەرپرسەکەیان وایگوت.
نزیکەی 150 کەس لەنێو بارهەڵگرەکەدا بەسەر یەکدا کەوتبوون. کچێکی باریکەلەی تەمەن 13 ساڵ بەدرێژایی دوو کاژێری هەڵبەز و دابەزی ئۆتۆمبیلەکە تێکۆشابوو بۆ ئەوەى نەکەوێتە ژێرپێى هاوگوندییەکانى. ئەو کچە فەیروز بوو کە باوکى بەهۆى سەرسامبوونى بە دەنگە بەسۆزەکەى خانمە گۆرانیبێژى لوبنانى، ئەو ناوەى لێنابوو.
لە تەلەعفەر دایانبەزاندن، وەک مێرووستانێک کە ئاو چووبێتە کونەکەیانەوە، بە شپرزەیی بەنێو یەکدا دەهاتن و دەچوون بەبێ ئەوەی لە هیچ تێبگەن. لەو تاریکییەدا هەرچۆن بوو دایک و باوک و براکانی دۆزییەوە.
هەر لەگەڵ زەردەپەڕدا، چەکدارێکى داعش 10 کچى لەنێو چەندین ئافرەتدا جیاکردەوە کە فەیروز یەکێک بوو لەوان، پاشان خرانە نێو پاسێکی بیست نەفەرییەوە بەرەو مووسڵ: "دوو چەکدار و شۆفێرێک لەنێو پاسەکەدا بوون، ئێمە دەگریاین و ئەوان پێدەکەنین. دەستیان بۆ درێژ دەکردین و گاڵتەیان بە پرسیارەکانمان دەهات".
ئوم حاتەم
لە مووسڵ برانە نێو خانوویەکی دوو نهۆمی: "پاسەوانەکە پێیگوتین خۆتان خاوێن بکەنەوە و ئەمشەو بۆ خۆتان بحەوێنەوە، ئێمە دڵخۆشبووین کە هیچ نەبێ شەوێک پشوو دەدەین، بەڵام لە نیوەی شەودا کەسێک دەهات و بەخەبەری دەهێناین و بۆ کچی جوان دەگەڕا. ئەو شەوە نیوەى کچەکانیان برد، دواتر بە گریانەوە دەگەڕانەوە لامان".
فەیروز تێبینی کردبوو، شۆفێری ئەو پاسەی لە تەلەعفەرەوە ئەوانی هێنا، بەردەوام چاودێری دەکات. ئەو هەر لەنێو پاسەکەدا هەستی بەوە کردبوو کە شۆفێرەکە نیشانەی لێگرتووە: "رۆژی دواتر هات و بە من و کچێکی هاوڕێمی گوت لەگەڵی بڕۆین، ئێمەی بردە خانوویەک. کەسێکی لەگەڵ بوو ناوی ئەبوو ئەنەس بەغدادی بوو. بەمنی گوت بچمە ژوورەکەی دیکە، بەڵام هاوڕێکەم توند دەستی گرتبووم، بە لێدان ئێمەیان لە یەک جیاکردەوە و چوومە ژوورەکەی دیکە، ئەبوو ئەنەس هاتە لای من و شۆفێرەکە لای ئەو مایەوە".
دوو رۆژ بەو شێوەیە فەیروز و هاوڕێکەی، خواردنی ئەبوو ئەنەس و شۆفێرەکە بوون. بە گوێرەى ئەو وەسفەى فەیروز دەیکات، ئەبوو ئەنەس، باڵاکورتێکی ئەسمەری تەمەن 25 ساڵ بووە، زۆر پێداگیری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەو کچانە فێری پەروەردەیەکی ئیسلامییانە بکرێن.
کچەکانیان بردە فێرگەیەکی پەروەردەیی داعش کە ژنێک بەنێوی ئوم حاتەم سەرپەرشتی دەکرد. ئوم حاتەم لە ماوەی مانگێکدا فەیروزی فێری نوێژکردن و زۆربەى ئادابەکانى ئیسلام کردبوو. بۆ یەکەمجار فەیروزی بردە سەر بەرماڵێک و داوای لێکرد رووبکاتە کەعبە "دەبێت ناوەکەشت بگۆڕین، ناوی جوانتر هەیە لەوە". بەڵام فەیروز، ئەو ناوەی هەڵنەگرت و ئێستاش حەز ناکات ئەو ناوە ئاشکرا بکات کە ئوم حاتەم بۆى هەڵبژاردبوو. "ئوم حاتەم، ناچاری دەکردین وا هەڵسوکەوت بکەین کە خۆشحاڵین بەو گۆڕانکاریەی بەسەر ژیانماندا هاتووە، بەڵام ئەو کێشەکەی ئەوە بوو نەیدەزانى چى لە ناخى ئێمەدایە".
بەرەو سەعدییە
ئوم حاتەم، واژۆی خستە سەر کاغەزێک و دایە دەست چەکدارەکان. ئەوە نووسراوی رەزامەندیى ئەو بوو لەبارەی تێگەیشتنی فەیروز لە بابەتە ئیسلامییەکان و ئامادەبوونی وەک ژنێک کە ببێتە خزمەتکاری چەکداران بە شێوەیەکی گوێڕایەڵانە. هەر بۆیە فەیروز، دوای چەند خولەکێک لە ئۆتۆمبیلێکی سەربازیدا خۆی بینییەوە کە شۆفێرەکە پێیگوتبوو ئەوان بەرەو پارێزگای دیالە بەڕێدەکەون و بەدیاریکراوی بۆ ناحیەی سەعدیەی سەر بە قەزای خانەقین.
سەعدییە بەدەست بۆردومانی فڕۆکە و ئەو هێرشە پێچەوانانەی پێشمەرگە دەیکردنە سەر داعش بۆ وەرگرتنەوەی، بڕستی لێبڕابوو. بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی ئاوارە ببوون. ئەو شارۆچکەیە بە درێژایی 35 ساڵی دەسەڵاتدارێتی سەددام حوسێن، پرۆسەی بەعەرەبکردن روخسارە کوردییەکەی تێکدابوو. بەر لە هاتنی داعش بۆ سەعدییە، ژمارەی دانیشتووانی ئەو ناحیەیە 50 هەزار کەس بووە، کە 65%ی عەرەب و 30%ی کورد و 5%ی تورکمان بوون. بەڵام لەو رۆژە بەراییانەدا، فەیروز لەوێ زۆربەی ماڵەکانی بە چۆڵی دەبینی.
فەیروزیان بردە ماڵێک و لەوێ دایاننا. ماڵێک کە پێدەچوو تەزووی کارەبای پێنەگەیشتبێ. تاریک و سارد. ماڵەکە ژنێک و دوو منداڵی تێدا دەژیان و هاوژینەکەی لە بەرەکانی جەنگ بوو. لەو رۆژانەی لەوێ مایەوە تێبینی کردبوو پیاوێکی سەروڕیش ماش و برنجی، زۆر هاتوچۆی ئەو ماڵە دەکات بەبێ ئەوەی خاوەن ماڵ بێت. ئێوارەیەک ژنەی خاوەن ماڵ داوای لە فەیروز کردبوو بچێتە ژوورەکەی دیکە و هەرلەوێ بمێنێتەوە و لەوێش بنوێ "کاتێک چوومە ژوورەکە، هیچم نەبینی و بە ئەسپایی دانیشتم، بەڵام لە پڕ دەرگاکە لە ناوەوە داخرا. ئەو پیاوەم بینی کە هاتوچۆی ئەوێی دەکرد، ئیدی دەرفەتی هەڵاتن و بەرەنگاربوونەوە نەما".
پیاوە تەمەن 50 ساڵەکە سەرەتا بە پرسیارکردن لە بارەی ژیان و کەسوکارەکەی و خەڵکی ناوچەکەی و ئاستی خوێندەواری دەستی بەکردنەوەی گرێی زمانی فەیروز کرد و دواتر کاری خۆی کردبوو. پیاوەکە دواتر دەستی کردووە بە دڵدانەوەی فەیروز و پێیگوتووە "لەمەودوا تۆ موڵکی منی".
لەگەڵ قازی سەعدیە
ئەو پیاوە قازی دادگای داعش بووە لە سەعدییە و ناوی ئەبوو نەعیم بووە. دادوەرەکە ژنی هەبووە لەگەڵ دوو منداڵ. فەیروزی بردبووە ماڵەکەی خۆی. رۆژانە خەڵک سەردانی ماڵەکەیان دەکرد و بۆ کاروباری دادگا و پرسی جۆراوجۆر گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرد: "هەرچەندە قازی بوو، بەڵام هەندێکجار لەگەڵ چەکداران دەچووە شەڕ".
دواى رزگارکردنى سەعدیە، ئەبوو نەعیم رووى لە فەللوجە کردبوو. فەیروز زیاتر لە ساڵێک لەگەڵ ئەبوو نەعیم مایەوە. ئەبوو نەعیم بەپێی پیشەکەی، کەسێکی تێگەیشتووتر و خاوێنتر و هێمنتر بوو. فەیروز لە هەڵسوڕاندنی کاروبارەکانی ماڵ و خاوێنڕاگرتنی ماڵ و خزمەتکردنی منداڵەکاندا، کارێکی وای کردبوو هاوژینەکەى ئەبوو نەعیم تەنیا پەیوەندی دایکانەی بە منداڵەکانییەوە هەبێ، هیچ ئەرکێکی بەسەرشانەوە نەمابوو.
ئەبوو نەعیم لە فەللوجەش هەر قازى بوو. فەیروز زۆرجار لەگەڵ هاوژینی ئەبوو نەعیم دەچووە ماڵی ناسیاو و خزمەکانیان و لەگەڵ خۆی دەیبرد.
جارێکیان فەیروز لەگەڵ هاوژینی قازییەکە چوونەتە ماڵی والی فەللوجە و لەوێ بۆ یەکەمجار چاوی بە کچێکی ئێزدی تەمەن 15 ساڵ کەوتووە بە ناوی ماریا " ماریا زۆر جوان بوو، هەر لەبەر ئەوەش دابوویانە والی و کردبوویە کەنیزەک، هەرچەندە سێ ژنیشى هەبوو. من دەرفەتم بۆ دروستنەبوو یەک قسەش لەگەڵ ماریا بکەم".
ئەبوو نەعیم، ئێوارەیەک دوای پێچانەوەی سفرەی شێو، هەواڵێکى ناخۆشى بە فەیروز دا. "ژیانی تۆ لەمەودوا دەگۆڕێ.. دەمەوێ بتفرۆشم.. ماوەیەکی زۆرە لەم ماڵە دەژیت، بەڵام ئیدی قەدری ئەم ماڵە تێدەگەیت".
بەڵام هاوژینەکەی ئەبوو نەعیم پێشنیازێکی خستە بەردەم مێردەکەی کە بەلای فەیروزەوە چاوەڕواننەکراو بوو "بۆ دەیفرۆشی؟ ئەگەر بە قسەی من بکەیت، بیکە بە ژنی رەسمی خۆت و با لێرە بمێنێتەوە".
بەڵام ئەوە هیچ قسەیەکی دیکەی بەدوادا نەهات تاوەکو دوو رۆژ دواتر کە فەیروز سەرقاڵی نانپێدانی بەیانیی منداڵەکان بوو، کەسێک لە دەرگای دا و چووە ژوورەکەی دیکە بۆ لای قازی. فەیروز گوێی لە قسەکانیان بوو لەبارەی ئەوەوە دەدوان. فەیروز بۆى دەرکەوت کە ئەبوو نەعیم ئەوى بە دیارى پێشکەشى چەکدارێکى داعش کردووە.
سوهەیبی فەلەستینی
ئەبوو نەعیم فەیروزی بانگکردە لای خۆی بۆ ئەوەی میوانەکەی ببینێ چ دیارییەکی پێشکەش دەکات. گەنجە تەمەن 20 ساڵە میوانەکە، هەموو ئەو وەسفانەى لە فەیروزدا بینى کە پێشتر ئەبوو نەعیم بۆى باسکردبوو. بۆیە ستایشى ئەبوو نەعیمى کرد.
ئەبوو نەعیم، داوای لە میوانەکەی کرد پێشنیازێکی لێوەربگرێ "نامەوێ وەک کەنیزەک بیبەی. دەمەوێ هەر خۆم لێرە گرێبەستێکتان بۆ بکەم و بیکەیتە هاوژینی رەسمی خۆت. ئەوە کارێکی باش دەبێت بۆت".
هەرچەندە ئەو زۆرتر خوازیاری ئەوە بوو ببێتە خاوەنی کەنیزەکێک، بەڵام ئەبوو نەعیم تێیگەیاند کە کچەکە لەسەر دەستی ئوم حاتەم وانەی ئاینی خوێندووە و فێری نوێژ و ئادابى ئیسلامی بووە. گرێبەستی هاوژینی ئەوان لەسەر دەستی قازییەکی داعش پڕ کرایەوە.
فەیروز، بۆ یەکەمینجار بووە هاوژینی کوڕێک کە لە فەلەستینەوە هەر لە رۆژە بەراییەکانی دروستبوونی داعشەوە خۆی گەیاندبووە دەوڵەتەکەی ئەبووبەکر بەغدادی. ناوی سوهەیب بوو. لەو گەنجانە بوو کە ساڵانێکی زۆر بەردی گرتبووە سەربازانی ئیسرائیل.
لەگەڵ سوهەیب چوونە ماڵە نوێیەکەیان و چەند مانگێکیان بە ئارامی تێپەڕاند: "لە شەش مانگی یەکەمدا زۆر باش بوو لەگەڵم. کەسێکی نەرمونیان و تاراددەیەک باش بوو. لەو مانگە سەرەتایانەدا، جگە لە بیرکردنەوە لە کەسوکارەکەم و گوندەکەم و ژیانی رابردووم، کێشەیەکی وا گەورەم نەبوو".
سوهەیب، دەیویست فەیروز، وەک "ژنێکی موسوڵمان و گوێڕایەڵ" هەڵسوکەوت بکات و هیچی دیکە. فەیروزیش ئەو ئارامییەی پێویست بوو تاوەکو هەلێکى بۆ دێتە پێش و لە چنگى داعش هەڵدێ.
راهێنەری سەربازیی منداڵان
" لەشەشەمین مانگی هاوسەرگیریمان، هەستمکرد سوهەیب هێواش هێواش دەگۆڕا لەگەڵم. مامەڵەی ناخۆشتر و زمانی رەقتر دەبوو، بیانووی دەگرت و تەنانەت لێیدەدام".
ئێوارەیەک فەیروز لێى پرسیبوو: بۆچی وا گۆڕاوی؟
سوهەیب: من منداڵم دەوێ. تۆ کەللەڕەقیت و ناتەوێ منداڵت ببێ.
فەیروز: لەناو ئەو هەموو شەڕەدا منداڵت بۆچییە کە نازانی چیت بەسەردێ؟
سوهەیب: ئێمە پێویستمان بە چەکداری دواڕۆژە. فێرگەمان هەیە و منداڵان لەسەر شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی کافران رادەهێنین.
هاوژینەکەی فەیروز راهێنەری فێرگەی منداڵان بووە و منداڵانی فێری شەڕکردن دەکرد. نێوانیان رۆژ لە دوای رۆژ ناخۆش دەبوو. تا وای لێهات سوهەیب چەندینجار دەمولووتی فەیروز خوێناوی بکات.
ئەوان بە بڕیاری داعش گواسترانەوە بۆ سووریا و هەرچۆن بوو زیاتر لە ساڵێکیشیان لەوێ گوزەراند. کڵپەی ئاگری شەڕ بەردەوام تاوی دەستاند و گەمارۆی هێزەکانی یەپەگە و سوپای سووریا و فڕۆکەکانى هاوپەیمانان زیاتر تەنگى بە داعش هەڵدەچنی. سوهەیب لە راهێنەرایەتی منداڵان دوورخرایەوە و ئیدی زۆرتر لە بەرەکانی شەڕ دەمایەوە.
سکاڵا لە دادگای داعش
ئەوان لە رەققە گیرسابوونەوە. لەبەر ئەوەی سوهەیب بە تەواوی ژیانی لەنێو شەڕگەکان قەتیس مابوو، بڕیاری دا فەیروز بباتە خانەیەکی تایبەتی ژنانی داعش و لەوێ بمێنێتەوە. خانەکە بۆ ئەو ژنانەی داعش تەرخانکرابوو کە هاوژینەکانیان کوژرابوون و لەوێ دەمانەوە تاوەکو سەرلەنوێ دەدرانەوە بە چەکداری دیکە: "هەرکات دەگەڕایەوە، دەیبردمە ماڵەوە بۆ شەوێک و دیسان دەیبردمەوە ئەوێ، هەموو جارێکیش تێر لێیدەدام".
فەیروز لەگەڵ ژنە داعشەکانی ئەو خانەیە کرابووەوە و دەردەدڵی خۆی لەوێ هەڵدەڕشت کە چۆن هاوژینەکەى هەموو جارێ بەردەبێتە گیانى و هەندێکجار دەستى لێ هەڵناگرێ تا شەڵاڵى خوێنى دەکات.
"هەندێکیان هاوسۆزم بوون، یەکێکیان پێیگوتم دەتوانم بچمە دادگا و داوای جیابوونەوەی لێبکەم و بە یەکجاری لەو خانەیە لەگەڵ ئەوان بمێنمەوە".
چووە دادگاکەی داعش و سکاڵای خۆی بردە بەردەم دادوەر. بە درێژی گێڕایەوە کە چۆن لە دەست هاوژینەکەی بێزار بووە و ناتوانێ لەوە زیاتر لەگەڵى بمێنێتەوە: "دادوەرەکە پێیگوتم، ئێمە ناتوانین هیچ مافێک بدەینە تۆ و داواکارییەکەت قیمەتی نییە، چونکە تۆ پێشتر کەنیزەک بوویت".
داعش رۆژ لە دوای رۆژ شار و شارۆچکەی زیاترى لەدەست دەدا. گەیشت بەوەی سوهەیب شەوێک بگەڕێتەوە ماڵەوە و بە فەیروز بڵێ: "دەمەوێ دەربازی سنووری تورکیات بکەم بۆ ئەوەی بچیتە لوبنان. من پلانم بۆ ئەوە داڕشتووە. ناسنامەی ساختەی سووریم دروستکردووە بۆت و دایکم لە فەلەستینەوە هاتووە بۆ سەر سنووری تورکیا و لەوێوە تۆ وەردەگرێت و دەتبات".
لەگەڵ سوهەیب چوونە بارەگایەکی داعش بە مەبەستی بەڕێکەوتن بەرەو سنووری تورکیا. بەڵام فەیروز سەری سوڕما لەوەی لەوێ بینی "بینیم هەموو چەکدارەکان وەک سوهەیب ریشیان تاشیبوو بۆ ئەوەی خۆیان تێکەڵی ئەو خەڵکە بکەن کە هەڵدەهاتن، شتەکان زۆر بە خێرایی گۆڕان، بڕوا بکە کەمتر لە دوو سەعات، چەکدارانی یەپەگەم بینی پەیدابوون و قۆڵی سوهەیبیان گرت و بردیان، منیش هەروا برامە نێو ژنەکان".
فەیروز هەر لەوێ داواى لە شەڕڤانانى یەپەگە کردبوو جلى تازەى بۆ بێنن. دواى ئەوەى جلیان بۆ هێنا. ئەو جلە داعشیانەى هەر لەوێ سووتاند کە پێنج ساڵ لە نێویدا ئازارى چەشتبوو. دواتر گەڕێندرایەوە نێو کەسوکارەکەى.



