رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت کە لە کاتی ئەرکی درێژخایەنی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەشت حاڵەتی هەوڵدان بۆ خۆکوشتن لەنێو سەربازەکاندا تۆمار کراوە.
ئەم زانیارییانە لە بەڵگەنامەیەکدا ئاشکرا کراون کە رۆژی چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، لەلایەن کریستن گیلیبراند، سیناتۆری دیموکراتەکان بڵاوکرایەوە؛ بەڵگەنامەکە نامەیەکی هەنگ کاو، کاربەڕێکەری وەزارەتی هێزی دەریایی ئەمریکایە کە لە وەڵامی لێپرسینەوەی کۆنگرێسدا ناردوویەتی.
لە نامەکەی بەرپرسەکەی هێزی دەریاییدا هاتووە: "لە سەرەتای جێگیرکردنی فڕۆکەهەڵگرەکەوە لە ناوچەکە، بە گشتی هەشت هەوڵی خۆکوشتن لەنێو تەواوی گرووپی کەشتییە جەنگییە یاوەرەکانیدا هەبووە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ گیانلەدەستدانێک بەهۆی خۆکوشتنەوە لەسەر کەشتییەکە رووی نەداوە."
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا، لە سەرەتای مانگی ئابدا دەریاوانێکی هێزی ئاسمانی خۆی لەسەر کەشتییەکە فڕێداوەتە نێو دەریا، بەڵام دەستبەجێ بە هێلیکۆپتەری فریاگوزاری رزگارکراوە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی گواستراوەتەوە. هەروەها لە مانگی ئاداریشدا دەریاوانێکی دیکە ویستوویەتی هەمان کار بکات، بەڵام لەلایەن هاوڕێکانییەوە پێشی پێگیراوە و بۆ ئەمریکا نێردراوەتەوە.
بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان لەبارەی خراپیی دۆخی دەروونی، کەمبوونەوەی خۆراک و نالەباریی خزمەتگوزارییەکان لەنێو ئەو فڕۆکەهەڵگرەدا، لە ماوەی رابردوودا دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ئەمریکا دروستکرد و رەخنەی تووندی لە شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگی ئێران لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە لێکەوتەوە، هەرچەندە ئەو کاتە کۆشکی سپی هەواڵەکانی بە "شێوێندراو" ناوبرد.
فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمیی "ئەبراهام لینکن" لە تشرینی دووەمی 2025ـەوە بەرەو دەریای باشووری چین بەڕێکەوت، بەڵام پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە کۆتایی شوباتی 2026، رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا و لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دوای مانەوەی بۆ ماوەی 286 رۆژ لە ئەرکی سەربازیدا، ئاوەکانی ناوچەکەی بەرەو کەناراوەکانی تایلەند جێهێشت.



