رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
وێنەیەک کە لە سیدرۆتی ئیسرائیلەوە گیراوە لەسەر سنووری کەرتی غەززە لە بەرەبەیانیی 5ـی 11ـی 2023، وێنە: Yuri CORTEZ / AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی کەمپی پەنابەرانی مەغازییەوە 40 کەس کوژران، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
ئەشرەف قودرا، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە ئەمڕۆ (یەکشەممە، ـ5ی تشرینی دووەمی 2023) رایگەیاند درەنگی شەوی شەممە، کەمپەکە کە کەوتووەتە نێوەڕاستی کەرتی غەززە بۆردوومانکراوە، هەروەها دەڵێت، "زیاتر لە 40 تەرم گەیێنرانە نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە دێر بەلاح."
بزووتنەوەی حەماس سەبارەت بە هێرشەکە لە راگەیێندراوێکدا لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بۆردوومانی "راستەوخۆ"ـی ماڵی هاووڵاتییانی کرد. هەروەها دەڵێت، زۆرینەی کوژراوەکان ژن و منداڵن.
هەر لەبارەی هێرشەکەوە کاتێک پرسیار لە گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل کراوە، گوتوویەتی لێکۆڵینەوە دەکەن، لەبارەی ئەوەی ئایا هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی کەمپی مەغازی ئۆپەراسیۆن دەکەن یان نا.
کوژرانی ئەو 40 کەسەی کەمپی مەغازی لەکاتێکدایە، 30 رۆژە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە و تائێستاش هەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست سەرکەوتوو نەبوون، دوایینیان کۆبوونەوەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەک وڵاتی ئەندامی کۆمکاری عەرەبی، کە دوێنێ (شەممە، 4ی تشرینی دووەم) لە ئوردن لەگەڵیاندا کۆبووەوە.
شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەی کەرتی غەززەش چوونە نێو شەڕەکە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا زیاتر لە 9500 کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، کە لەنێویاندا 3900یان منداڵن، 2509یان ژنن. هاوکات، 2200 کەسیش کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی ماڵ و باڵەخانە رووخاوەکان و بێ سەروشوێنن. بەگوێرەی بەرپرسانی کەرتی رۆژئاواش، بەهۆی گرژییەکانی کەرتی رۆژئاواوە زیاتر لە 140 کەس کوژراون و نزیکەی دوو هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکانی سەر ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا هەزار و 430 کەس کوژراون کە 345ـیان سەربازن. هاوکات، 242 بارمتە لەلای حەماسن و زیاتر لە 60 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ