ئێران باڵیۆزخانەکەی لە سعودیە دەکاتەوە

05-06-2023
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن ئێران سعودیە خولی سعودیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سبەی سێشەممە باڵیۆزخانەی ئێران لە سعودیە بکرێتەوە، ئەوەش لەدوای حەوت ساڵ لە داخرانی دێت. 
 
رۆژی دووشەممە، 5-6-2023 ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "لە هەردوو رۆژی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بە فەرمی باڵیۆزخانەی ئێران لە شاری ریاز و کونسوڵخانەی گشتی لە جەدە و نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئێران لە رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی دەکرێنەوە".
 
پەیوەندییەکانی تاران و ریاز لە ساڵی 2016وە پچڕان، ئەوەش لە دوای هەڵکوتانی سەتان خۆپیشاندەر بۆسەر باڵیۆزخانە و  شاندە دیپلوماسییەکانی سعودیە لە تاران لە دوای لەسێدارەدانی نمر ئەلنمر، کەسایەتی شیعە مەزهەبی سعودیە؛ لە ئاداری ئەمساڵ بە نێوەندگیری چین، ئێران و سعودیە بڕیاری گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان دا و هەنگاوی یەکەم، کردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی هەردوولا لە خۆ دەگرێت.
 
بەرپرسێكی سعودی ئاشکرایکردووە، کردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکە لە کاژێر 18:00 بە کاتی ریاز [هەمان کاتی هەولێر] و بە ئامادەبوونی باڵیۆزی نوێی دەستنیشانکراوی ئێران لە سعودیە دەبێت، گوتیشی، باڵیۆزخانەکە لە هەمان باڵەخانە دەبێت کە جاران باڵیۆزخانەی ئێران بووە لە ریاز و لە دوای رێککەوتنی هەردوولا دەست بە نۆژەنکردنەوەی کراوە.
 
مانگی ئایاری ئەمساڵ، سەرچاوەیەکی میدیای فەرمیی ئێران کە بە زمانی ئینگلیزی دەردەچێت ئاشکرایکرد، رەزا عەنایەتی، باڵیۆزی نوێی ئێرانە لە سعودیە؛ گەرچی تاوەکو ئەو کاتەش وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی دەستنیشانکردنی عینایەتی رانەگەیاندبوو.
 
رەزا عەنایەتی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانە، پێشتریش لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەسەن رووحانی، لە کوێت باڵیۆز بووە. 
 
لە ماوەی رابردوودا، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران بە فەرمی بانگهێشتنامەی سەردانیکردنی سعودیەی لە لایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین پێگەیشت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.