شەڕی ژمارەکان: جەنگ زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی فەلەستین دەباتە ریزی هەژارانەوە

02-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوو دەزگای سەر بە UN دەڵێن، رەنگە بەهۆی شەڕەوە ژمارەی هەژاران لە فەلەستین بگاتە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس. دەکاتە 60٪ـی دانیشتووان. داوای ئاگربەستی "بەپەلە" دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووری.
 
پڕۆگرامی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رۆژئاوای ئاسیا (ESCWA) راپۆرتێکی هاوبەش زیانە ئابوورییەکانی شەڕ لەسەر غەزە و فەلەستین بڵاو دەکەنەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە شەڕ "لێکەوتەی ئابووریی سەخت"ـی لەسەر فەلەستینییەکان داناوە: تەنیا کۆی بەرهەمی نێوخۆییش زیانەکەی نزیکەی حەوت ملیار دۆلارە.
 
دووپاتیشی دەکاتەوە پێویستە "بەپەلە" ئاگربەست رابگەیێنرێت. بە بەردەوامیش کار بکرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی، ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی فەلەستین.
 
لێکەوتە ئابوورییەکان
 
راپۆرتەکە بە پشتبەستن بە ناوەندی ئاماری فەلەستین دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا ئابوورییەکەی نزیکەی 8.7٪ـی بەرهەمی نێوخۆیی راستەقینەی لەدەستداوە.
 
بۆ ئەم ساڵیش تائێستا، مەزەندە دەکرێت 25.8٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی لەدەستچوو بێت. ئەم ئامارانە یەکسانن بە 6 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار. 
 
لە ئەگەری بەردەوامیی شەڕیشدا پێشبینی دەکرێت تاوەکو مانگی ئەیلوول رێژەکە بگاتە 29٪. بەوپێیەش، زیانەکە دەگاتە 7 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار. 
 
لە راپۆرتەکەدا نووسراوە: شەڕ "کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەواوی سێکتەرە ئابوورییەکان داناوە. کەرتی بیناسازیش زۆرترین پاشەکشەی کردووە بە رێژەی 75.2٪."
 
بەکاربردن و هەژاری
 
بەپێی راپۆرتەکە، تەواوی چینەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی نەرێنیی شەڕەوە. زۆرترین زەرەرمەندیش چینی مامناوەندن.
 
دوای شەش مانگ لە شەڕ، ئەو چینە بەکاربردنی کاڵای 35.6٪ کەمکردووەتەوە. بەردەوامیی شەڕیش تاوەکو مانگی ئەیلوول، رێژەکە دەگەیێنێتە 38.6٪.
 
راپۆرتەکە دەشنووسێت: بەردەوامیی شەڕ، هەژاری بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات: رێژەکە لە 38.8٪ـەوە دەگەیێنێتە 60.7٪. 
ئەمە کەسانێکی زیاتر لە چینی مامناوەندەوە دەباتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. ملیۆنێک و 860 هەزار کەسی دیکە دەخاتە ریزی چینی هەژارەوە.
 
بازاڕی کار
 
پێش دەستپێکی شەڕ، 25.7٪ـی فەلەستینییەکان بێکار بوون. بەهۆی شەڕەوە رێژەکە گەیشتووەتە 46.1٪. تاوەکو مانگی ئەیلوول، پێشبینی دەکرێت بگاتە 47.8٪.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە