بە خۆراک نیشانە نەخوازراوەکانی نەمانی سووڕی مانگانە کەمدەکرێنەوە

26-11-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن سووڕە مانگانە، تەمەنی نائومێدی، خانمان، خۆراک
A+ A-

رووداو-سلێمانی


توێژینەوەیەکی ئێرانی  ئەو گۆڕانکارییە خۆراکییانە دیاریدەکات کە بەهۆیانەوە نیشانە نەخوازراوەکانی تەمەنی نەمانی سووڕی مانگانە کەمدەکرێنەوە.

توێژەرەکان لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران بوون و ئەنجامی توێژینەوەکەیان لە جۆرناڵی زانستی (Menopause) بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی توێژینەوەکە، ئەو خانمانەی میوە و سەوزەی زۆر دەخۆن، ئەو نیشانە نەخوازراوانەیان کەمترە کە لە تەممەنی راوەستاانی سووڕی مانگانە روودەدەن، بەراورد بەوانەی چەوری و شیرینی دەستکرد زۆر دەخۆن.

توێژەرەکان نموونەی 400 خانمیان وەرگرت کە لە تەمەنی راوەستانی سووڕی مانگانەدا بوون و پرسیاریان لێکردوون لەبارەی نەریتی خۆراکییان لەلایەک، لەلایەکی دیکە راددەی هەستکردنیان بە نیشانەکانی وەکوو شەپۆلی گەرمیی لە جەستەدا، ئارەقکردنەوەی شەوانە، ئازاری ماسولکە و جومگە و گرفتەکانی میزڵدان.

لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەانەی زۆرترین سەوزە و میوەیان دەخوارد، بە کەمترین ئاست هەستیان بەو نیشانە نەخوازراوانە دەکرد، بە پێچەوانەی ئەوانەی زۆرترین بڕی چەورییان دەخوارد.

لە توێژینەوەکەدا روونکراوەتەوە کە زۆر خواردنی رۆن و شەکر و کەم خواردنی ریشاڵە خۆراکییەکان، وادەکات پرۆسەی هەوکردنی درێژخایەن لە جەستەدا تاوبدرێت و کێشی جەستە زیادبکات، ئەوەش نیشانەکانی نەمانی سووڕی مانگانە توندتر دەکات.

هەرچی میوە و سەوزەکانن ئەوە بە رەگەزە خۆراکییە دەگمەنەکان و دژەئۆکسێنەکان دەوڵەمەندن، کە دژی هەوکردنە درێژخایەنەکان و زیادبوونی کێشی جەستەن، هەموو ئەوانەش نیشانەکانی تەمەنی نەمانی سووڕی مانگانە کەمدەکەنەوە.

جگە لەوانە، میوە و سەوزەکان بە ریشاڵە خۆراکییەکان دەوڵەمەندن، کە پرۆسەی زیندەپاڵ رێکدەخەن و ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین سەقامگیر دەکەن، ئەوەش رۆڵی هەیە لە هێواشکردنەوەی نیشانەکانی راوەستاننی سووڕی مانگانە.

توێژەرەکان دەڵێن جگە لە رۆن و شەکر، هۆکاری دیکەش هەن نیشانەکانی راوەستانی سووڕی مانگانە بەهێزدەکەن، وەکوو؛ جگەرەکێشان، مەیخواردنەوە، کەمچالاکی و قەڵەویی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە