توێژینەوە: ئەسپرین و رۆنماسی پێکەوە تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەکەن

24-11-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن دڵ دەرمان، ئەسپرین، ماسیی، ئۆمێگا ٣
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکیی دەریخستووە بەکارهێنانی ئەسپرین و ئۆمێگا-٣ پێکەوە، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەکات.


توێژەرەکان لە زانکۆی رۆچستەر بوون و توێژینەوەکەیان لە کۆنفرانسی زانستیی ساڵانەی (کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی) بڵاوکردووەتەوە.

بەشێک لە پزیشکان بڕی کەمی رۆژانەی ئەسپرین بۆ ئەو کەسانە دەنووسن کە لە مەترسیی تووشبوونن بە جەڵتەی دڵ، چونکە ئەسپرین دژی کەڵەکەبوونی خەپلەکانی خوێن و سەرەنجام دژی درووستبوونی کڵۆی خوێنە. هەروەها بەشێک لە توێژینەوە زانستییەکان دەریان خستووە ترشەچەوریی ئۆمێگا-٣ کە لە ماسییدا هەیە، تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کەمدەکاتەوە.

د. رۆبەر بلۆک، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سەرۆکی تیمە توێژەرەکە، دەڵێ "هەبوونی بڕێکی کەمی ترشەچەوریی ئۆمێگا-٣ کار لە کاریگەریی ئەسپرین لەسەر دڵ دەکات".

بلۆک هەروەها گوتوویەتی بۆ ئەو کەسانەی پێشووتر تووشی جەڵتەی دڵ نەبوون، بەکارهێنانی ئەسپرین ئێستا جێگەی مشتومڕە، چونکە ئەگەری روودانی خوێنبەربوونی هەناو زیاددەکات و رۆڵێکی بەرچاوی نییە لە رێگریی لە روودانی جەڵتەی دڵ. بەڵام ئەو کەسانەی پێشووتر توشی جەڵتەی دڵ و مێشک و نەخۆشییەکانی لوولەکانی خوێن بوون، ئەسپرین سوودی لە زیانی زیاترە.

توێژینەوە نوێیەکە دەریخست ئەگەر ئەسپرین و ئۆمێگا-٣ بە بڕی کەم پێکەوە بەکاربهێنرێن، ئەوە ئەگەری روودانی جەڵتەی دڵ لە کەسەکەدا دوو هێندە زیاددەکات بەروارد بەو کەسانەی هیچکام لەو دوانە ناخۆن!

کەچی لە هەمان توێژینەوەدا دەرکەوت ئەوانەی رۆنماسی بەکاردەهێنن بە بێ بەکارهێنانی ئەسپرین، ئەگەری روودانی جەڵتەی دڵ تێیاندا بە راددەی 55% کەمدەکات.

توێژەرەکان داوای توێژینەوەی زیاتریان کردووە بۆ بە وردی دیاریکردنی ئەو کەسانەی بەڕاستی سوودمەند دەبن لە بەکاهێنانی هەریەکە لە رۆنماسی و ئەسپرین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە