رووداو-سلێمانی
لێكۆڵینەوەیەك لە بەریتانیا دەریخستووە نەشتەرگەرییەكی وەكوو ئاوی سپی چاو پێویستی بە 15 مانگ چاوەڕوانیی دەبێ تاكو بۆ كەسێك ئەنجامبدرێ، ئەوەش بەپێی هەواڵی دەیلی تەلەگراف.
لێكۆڵینەوەكە دەڵێ دووودرودرێژیی لیستی چاوەڕوانییەكان وادەكات كەسەكە بە لەسەرخۆیی بینایی چاوی بەرەو خراپبوون بچێ و هەندێكجار نزیك ببێتەوە لە لێواری كوێربوون تاوەكوو نۆرەی نەشتەرگەرییەكەی دێت.
لێكۆڵینەوەكە لەلایەن ئەنستیتۆی شاهانەی نابینایان لە بەریتانیا ئەنجامدراوە و جیاوازییەكی زۆری بینیوەتەوە لەنێوان ناوچە جیاوازەكانی بەریتانیا لەڕووی ئەوكاتەی پێویستە كەسێك چاوەڕوانی بكات لەنێوان بینینی پزیشك و رۆژی ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئاوی سپی چاو.
جیاوازییەكە هێندە زۆرە كە لە ناوچەی ئینفیڵدی لەندەن پێویست بە 15 مانگ و نیو چاوەڕوانی دەكات، كەچی لە لوتن، بێفۆردشایر نەخۆشەكان تەنیا دوو هەفتە چاوەڕوانی دەكەن.
نیوەی ئەو كەسانەی تەمەنیان 65 ساڵ و زیاترە تووشی ئاوی سپی چاو دەبن، كە حاڵەتێكە تێیدا بینایی چاو لێڵ دەبێت و لەگەڵ تێپەڕینی كات خراپتر دەبێت و كەسەكە توانای خوێندنەوە، ئاژووتنی ئۆتۆمۆبێل و تەماشاكردنی تەلەڤزیۆنی نامێنێ تاوەكوو چارەسەر دەكرێ، كە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا نەشتەرگەرییە.


.jpg&w=3840&q=75)
