رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی میسر لە دەسپێکی یارییەکانی مۆندیالی 2026ـدا یەکسانبوونێکی مێژوویی بەرامبەر بەلجیکا تۆمارکرد، لە رۆژی لەدایکبوونی محەممەد سەڵاحدا فیرعەونەکان خاڵێکیان لە بەلجیکییەکان وەرگرت. ئیمام عاشوور گۆڵی پێشکەوتنی بۆ میسر کرد، بەڵام هاتنە ناوەوەی رۆمێلو لۆکاکو وەک یاریزانی یەدەگ هەموو شتێکی گۆڕی و بەلجیکا ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
میسرییەکان 92 ساڵە چاوەڕێی یەکەم سەرکەوتن دەکەن لە مێژووی مۆندیالدا، لە یارییەکەدا ئیمام عاشوور بە لێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
لەلایەکی دیکەوە رۆمێلو لۆکاکو تەنیا 23 چرکە دوای هاتنە ناوەوەی بۆ نێو یاریگە بووە هۆکار تاوەکو محەممەد هانی بەرگریکاری میسر بە هەڵە گۆڵێک لە خۆیان تۆمار بکات. کێڤین دیبرۆین لە یارییەکەدا ئاستێکی باشی پێشکێش نەکرد و تۆپێکی لێدا بەر ستوونی گۆڵ، بەڵام راهێنەر سوودی لە لۆکاکو وەک یاریزانی یەدەگ وەرگرت و یارییەکەی یەکسانکردەوە.
حوسام حەسەن راهێنەری میسر لەم یارییەدا پلانی گۆڕی، محەممەد سەڵاحی وەک یاریزانی ژمارە 10 بەکارهێنا و ئیمام عاشوور لە باڵی چەپ یاریی کرد. سەڵاح لە تەمەنی 34 ساڵیدا ئەسیستی گۆڵەکەی کرد و لە خولەکی 75ـی یارییەکەدا گۆڕانکاری پێکرا.
میسر تاوەکو ئێستا هەشت یاری لە مێژووی مۆندیالدا کردووە، هێشتا هیچ یارییەکی نەبردووەتە. هەڵبژاردەی میسر لە کۆمەڵەی حەوتەمە و لە یارییەکانی داهاتوودا رووبەڕووی نیوزلەندا و ئێران دەبێتەوە.



