رووداو دیجیتاڵ
ڤیکتۆریا تەیلەر، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق لە ئەتلانتیک کاونسڵ و، بەرپرسی پێشووی دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک دەخاتە سەر ئاڵنگارییە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە قۆناخی دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی زەیدی. تەیلەر رایگەیاند، چەکداماڵینی میلیشیاکان ئەرکێکی سەرەکیی سەرۆکوەزیرانی نوێیە، بەڵام سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هاوئاهەنگیی گشتگیری شیعە و کورد و سوننە هەیە و، تەنیا بە لێدوانی سیاسی جێبەجێ نابێت.
سەبارەت بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، تەیلەر رەخنەی تووند لە پارتی و یەکێتی دەگرێت بەهۆی پەککەوتنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2024 و ئاماژە بەوە دەکات کە نەبوونی یەکدەنگیی کورد لە واشنتن زیانی گەورەی بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد گەیاندووە.
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، تەیلەر باسی مەترسیی بەسەرچوونی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و پێشمەرگە لە ئەیلوولی 2026دا دەکات؛ ئەو دەڵێ بەهۆی سستبوونی چاکسازییەکان و بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەمریکا ویستێکی جددیی بۆ نوێکردنەوەی یاداشتەکە و بەردەوامبوونی هاوکارییە داراییەکانی بۆ پێشمەرگە پێشان نەداوە، لە کاتێکدا پاڵپشتییەکانی بۆ هێزەکانی عێراق بەردەوامن.
دەقی قسەکانی رووداو و ڤیکتۆریا تایلەر:
رووداو: زۆر سوپاس ڤیکتۆریا، بۆ هاتنت بۆ رووداو.
ڤیکتۆریا تەیلەر: سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم.
رووداو: ڤیکتۆریا، تۆ دەزانیت کە عێراق حکومەتێکی نوێی هەیە و، چەندین بەڵێنی داوە لە نێوخۆ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، بەڵام ئەرکە گەورەکەی بەردەم سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق چەکدانانی گرووپە میلیشیاکانی عێراقە. چاوەڕوان دەکرێت نێوەڕاستی مانگی داهاتوو سەردانی واشنتن بکات. ئایا پێتوایە ئەو دەتوانێت ئەم پرسە چارەسەر بکات، یان ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە و ناتوانێت چارەسەری بکات، وەکو چۆن سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووتر هەوڵیاندا و شکستیان هێنا؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: راستییەکەی ئەوەیە کە ئەمە ئەرکێک نییە تەنیا بە پاڵپشتی و هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران خۆی کۆتایی پێ بێت. ئەمە پێویستی بە هەوڵێکی گشتگیری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەیە، بەهەمان شێوە پێویستی بە پاڵپشتیی سەرکردە سیاسییەکانی کورد و سوننەش دەبێت. ئەم کێشەیە شتێک نییە کە بە شەو و رۆژێک دەستی پێکردبێت. ئەمە کێشەیەکە بەدرێژایی چەندین ساڵ بەردەوام گەشەی کردووە، بەهۆی زیادبوونی ژمارە و هێزی میلیشیاکان لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە. پێموایە گرنگ دەبێت بۆ هەموو سیستمی سیاسیی عێراق کە بەڕاستی پێکەوە کاربکەن بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر ئەم گرووپانە تاوەکو هەنگاوی راستەقینە و جیدی بنێن. پێموایە راگەیێندراوەکانی موقتەدا سەدر و قەیس خەزعەلی و کەسانی دیکەش، هەنگاوی ئەرێنین، بەڵام راگەیێندراو بە تەنیا بەس نییە. ئەمە پێویستی بە هەنگاوی کردارییە بۆ رادەستکردنی چەک، بۆ گۆڕینی پێکهاتەی فەرماندەیی زۆربەی ئەم یەکانە بۆ ئەوەی راستەوخۆ سەر بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بن و تەنیا بە قسەی تاران نەکەن. پێموایە کاتی دەوێت بۆ ئەوەی ببینین ئایا ئەمانە تەنیا لێدوانی سیاسیی بێ نێوەڕۆک بوون یان نیشانەی مانادار بوون کە ئەم گرووپانە ئامادەن دەستبەرداری بەشێک لەو هێزەیان ببن.
رووداو: ئاماژەت بەوەکرد کە کورد و سوننە دەتوانن هاوکاریی ئەم پرۆسەیە بکەن. مەبەستت لە کورد چییە؟ چۆن دەتوانن لەم دۆخەدا هاوکار بن؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە راستییەکە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو گرووپە چەکدارانە هێزی سیاسیشن، حیزبی سیاسیی خۆیان هەیە و، پەیوەندیی تایبەتییان لەگەڵ ژمارەیەک لە حیزبە سیاسییەکانی نێو سیستمەکەدا هەیە، لەنێوانیاندا سەرکردە سیاسییەکانی کورد. بۆیە پێموایە تاوهکو بتوانن، پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی شیعە و لەگەڵ هەندێک لەو سەرکردە چەکدارانەدا بەکاربێنن، بۆ هاندانیان بۆ هەنگاوی راستەقینە بە مەبەستی چەکدانان.
رووداو: بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە هێرش دەکەنە سەر کوردستان. ئەوان چۆن گوێ لە سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان دەگرن بۆ چەکدانان و تێکەڵبوون لەگەڵ سیستمی بەرگریی عێراق دا؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان گرووپە جۆراوجۆرە میلیشیاکان دا هەیە. هەندێکیان بە شێوەی مەیدانی بەشداربوون و زۆر بە روونی رایانگەیاندووە کە هیچ نیازیان نییە چەک دابنێن. پێموانییە هیچ ئاستێک لە پەیوەندیی سیاسی بتوانێت ئەو هەڵوێستە بگۆڕێت. ئەوەی بینیومانە لێدوانی ئەرێنی بووە لەلایەن هەندێک سەرکردەی سیاسییەوە، کە هەندێکیان پەیوەندیی سیاسییان هەیە. ئێمەش دەزانین کە سەرکردایەتی یەکێتی و سەرکردایەتی پارتی لە هەندێک کات دا لەگەڵ بەشێک لەو سەرکردانەدا کۆبوونەتەوە. بۆیە پێموایە ئێستا کاتێکە کە دەبێت هەموو کەسێک تاوەکو دەتوانێت هێزی سیاسی و ئابووریی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بەکاربێنێت. بەڵام ئەوەش بەدوور نازانم کە هەندێک لەو گرووپانە هەرگیز ئامادە نەبن بە ویستی خۆیان چەک دابنێن.
رووداو: ئێمە دەزانین ئەم سەرۆکوەزیرانەی عێراق، هیچ پاڵپشتییەکی سیاسیی لە پەرلەمان دا نییە. ئەو وەک چارەسەرێک هات دوای ئەوەی ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر بەربژێری پێشوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران هەبوو. ئایا پێتوایە هەبوونی پاڵپشتیی ئەمریکا بەسە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە لە عێراق دا؟ ئایا پێتوایە ئەو پاڵپشتیی تەواوی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی هەیە، یان ئەوان پاڵپشتییان کرد چونکە بژاردەیەکی دیکەیان نەبوو جگە لەوە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: دیارە کە شەش مانگ کاتێکی درێژە بۆ پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام هێندە درێژ نییە کە نەتوانرێت بکرێت. پێش هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران زەیدی، چەندین بەربژێر هەبوون کە نەیانتوانی پاڵپشتیی زۆرینەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدەستبێنن. پێموایە ئەمە بۆ ئەو گرنگ دەبێت. بێگومان، پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر گرنگە. پاڵپشتی و هەروەها گوشارەکانی پەیوەست بە چەکدانانی میلیشیاکان. بەڵام پێویستە ببینین ئایا دەتوانێت پاڵپشتیی ئەو زۆرینەیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بپارێزێت بۆ بەدیهێنانی نەک تەنیا ئەم ئامانجە، بەڵکو چەندین ئامانجی گرنگی دیکەش. وەک تۆ گوتت، ئەو حیزبی سیاسیی تایبەت بە خۆی نییە، بەڵام لە بەدەستهێنانی بەربژێربوونی دا، توانی پاڵپشتیی بەرەی مالیکی و، بەرەی سوودانیش بەدەستبێنێت. هەموو نیشانەکانیش وا دەردەخەن کە ئەو پاڵپشتییەکی بەهێزی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریشی هەیە. ئەمە بەو مانایە نییە کە چوارچێوەکە بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە. نیشانەی دابەشبوون هەن لەسەر هەندێک پرسی دیاریکراو. پێموایە دەبێت ببینین ئایا ئەو لێهاتووە لە مانۆڕکردن و پاراستنی ئەم جۆرە پاڵپشتییە سیاسییەی کە پێویستی پێیەتی.
رووداو: چاوەڕواندەکرێت زەیدی سەردانی واشنتن بکات. چاوەڕوانی چیت لە سەردانەکەی هەیە؟ پێتوایە ئەمریکا پێشبینی دەکات ئەو چی بە سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەی ئەمریکا بڵێت کاتێک دێتە ئێرە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە درێژەی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دا زۆر بە روونی ئامانجی هەرە لەپێشی خۆی دەرخستووە کە بریتییە لە چەکداماڵینی میلیشیاکان. پێموایە ئیدارەکە زۆر دڵخۆش بوو بە بینینی راگەیێندراوەکانی موقتەدا سەدر و قەیس خەزعەلی و شبل زەیدی لەوبارەیەوە. پێموایە ئەمریکا دەیەوێت پەیامێکی روون لە سەرۆکوەزیرانەوە ببیستێت کە بەدواداچوونی راستەقینە لەلایەن حکومەتەوە دەبێت بۆ بەردەوامبوون لەو پرۆسەی چەکداماڵینە. پێموایە ئەمریکا دەیەوێت پەیامی ئەرێنی لەسەر بازرگانیی ئەمریکیش ببیستێت.
بێگومان، سەرۆک خۆی وەکو بازرگانێک، رەنگە دڵخۆش بێت بە بینینی سەرۆکوەزیرانێک کە ئەویش لە جیهانی بازرگانییەوە هاتووە. چوارچێوەکەش هەوڵیداوە ئامادەیی خۆی نیشانبدات بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا. پێموایە ئەو کۆمپانیایانە و حکومەتی ئەمریکاش دەیانەوێت پەیامێکی ئەرێنی ببیستن کە عێراق کراوەیە بۆ فراوانکردنی هاوبەشییە بازرگانییەکان.
رووداو: چەند پرسیارێک لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکەم. ئایا پێتوایە لەگەڵ ئەم حکومەتە نوێیەی عێراق دا، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرلەنوێ رێکخراونەتەوە، لەسەر دابەشکردنی داهات، لەسەر بودجە و لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان و، هەموو ئەو ناکۆکییانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە نێوان هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدادا هەبوون؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: ئەمانە دیارە کە کێشەی مێژوویین لە نێوان بەغدا و هەولێردا، هەندێکیان رەگیان لە لێکدانەوەی جیاواز بۆ دەستوور و لەو یاسایانەدایە کە هەرگیز دەرنەکراون و چارەسەر نەکراون. پێموایە زۆر ئەرێنییە کە کۆبوونەوە لە نێوان سەرۆکوەزیران زەیدی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دا هەبووە. بەدڵنیاییەوە، پێموایە ئاماژەی ئەرێنی لەلایەن سەرۆکوەزیران زەیدییەوە هەبووە بۆ ئامادەیی ئەو بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی باش لەگەڵ هەولێردا، بەڵام پێموایە ئەمانە هەموو ئەو پرسانەن کە چارەسەرکردنیان قورس دەبێت. پێموایە گرنگە حەز و ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە دیالۆگ دا هەبێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەوڵێکی گشتگیرە لەلایەن هەردوولاوە، بۆ گەیشتن بە هەر جۆرە چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ ئەم کێشە مێژووییانە.
رووداو: ئایا پێتوایە حیزبە سیاسییە کوردییەکان، بەتایبەتی پارتی، لە بەغدا ئامادەیی نییە، ئەمە چۆن هۆکار بووە لە دروستبوونی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەت دا؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە زۆر گرنگ دەبێت کە نوێنەرایەتییەکی زۆر چالاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا هەبێت، لە نێویشیاندا سەرکردە باڵاکانی پارتی. بێگومان، یەکێتی زۆر بە چالاکی لە بەغدا بەشداربووە و پەیوەندیی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی شیعەدا دروستکردووە. گرنگە کە ئەم بەشداریکردنە تەنیا لە چوارچێوەی پارتێکی سیاسی دا نەبێت. چەندین بەرژەوەندی هەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان لە بەغدا هەیانە. پێموایە باشتر دەبوو ئەگەر هەردوو پارتەکە ئەو بەشداریکردنەیان بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەلی کورد بەکاربهێنایە نەک تەنیا بەرژەوەندییە حیزبییە سیاسییەکانیان.
رووداو: ناکۆکییەکی دیکە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، کە زۆر گرنگە بۆ ئەمریکا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هەروەها بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێموایە بۆ ئەم ئیدارەیەش، ئەویش پرسی نەوت و گازە. چۆن تەماشای ئەم پرسی نەوت و گازە دەکەیت؟ ئایا پێتوایە هەولێر و بەغدا دەتوانن پێکەوە ئەم پرسە چارەسەر بکەن، بەتایبەتی لەگەڵ بەڵێنی حکومەتی نوێی عێراق بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ئەمنیی زیاتر بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و هەروەها هەوڵدان بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرسانە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و گاز تاوەکو ئێستا؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: دیارە ئێمە نزیک دەبینەوە لە بەسەرچوونی رێککەوتنی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا لە مانگی تەممووزدا. پێموایە زۆر گرنگ دەبێت کە بەشداریکردنێکی زۆر چالاک لە نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و، هەولێر و بەغدا هەبێت لەسەر چۆنیەتی هەنگاونان بۆ پێشەوە. پێموایە رێگە هەن بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر هەندێک لەم پرسانە لە ماوەیەکی نزیکدا کە رێگە بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوت دەدات، بەڵام پێموایە هەندێک لەم کێشانە بەڕاستی رەگیان لە ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە لەسەر دابەشکردنی گشتیی سەرچاوەکان، تاوەکو ئێستا من هەوڵێکی گشتگیرم لە هیچ لایەکەوە نەبینیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییە راستەقینەکان. پێموایە هێشتا دیار نییە کە ئایا ئەمە دەبێتە کاری هەرە لەپێش بۆ هەرێمی کوردستان یان بەغدا، بەڵام پێموایە ئەوان پێویستە لەم ماوەیەی داهاتوودا زۆر بە چالاکی بەشداربن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم سەرچاوە زۆر گرنگەی داهات بۆ گەلی کورد و حکومەتی عێراق بتوانێت بەردەوام بێت.
رووداو: ئەگەر بچینە سەر قسەکردن لەسەر کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان. یوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی چۆن دەبینیت؟ ئەگەر ئەمەشی بخەمە سەر، چۆن تەماشای هەرێمی کوردستان دەکەیت بەبێ هەبوونی حکومەتێکی چالاک، کە ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەرە، هەروەها هەبوونی پەرلەمانێکی چالاک؟ چەندین ساڵە ئەوان گفتوگۆ دەکەن، کۆدەبنەوە، بەڵام چ ئەنجامێک لەسەر زەوی نابینین. ئەمە لە واشنتنەوە چۆن دەبینرێت؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: من دەڵێم ئەمە بابەتێکە کە بێگومان لە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2024ەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەم. پێموایە زۆر شەرمە کە حکومەتێک پێکنەهێنراوە. پێموایە بەڕاستی لۆمەکە لەسەر هەردوولایە. پێموانییە هێندەی پێویست هەوڵدرابێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی راستەقینە کە ببێتە هۆی دروستبوونی حکومەت. کێشە بنەڕەتییەکەش، بێگومان، ئەو ناکۆکییە قووڵ و جیدییانەن کە لەنێوان سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی دا هەن. پێموایە لەکاتێکدا حکومەتی کاربەڕێکەر دەتوانێت چارەسەری هەندێک لەو کێشانە بکات کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، گەلی کورد شایستەی ئەو حکومەتەیە کە دەنگی پێداوە. هۆکارێکی گرنگ کە ئێمە هەڵبژاردن دەکەین ئەوەیە کە دەرفەت بدرێتە دەنگدەران و خەڵک بۆ هەڵبژاردنی سەرکردە نوێیەکانیان. وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، دەبێت حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت، بەڵام لە کۆتاییدا، من دابەشبوونێکی گەورە لە نێوان یەکێتی و پارتی دا دەبینم. لەکاتێکدا زۆر بە باشی لەوە تێدەگەم کە حیزبە سیاسییەکان زۆرجار لە رکابەرییەکی گەورەدان، بەڵام بۆ هەردوولا گرنگە بگەنە سازشێک کە رێگە بدات حکومەت لە زووترین کاتدا پێکبهێنرێت.
رووداو: تۆ بۆ ئیدارەی پێشوو کارت کردووە، مەبەستم ئەوەیە لە ناو حکومەتی ئەمریکادا کارت لەسەر عێراق و ناوچەکە کردووە، ئێستاش لەگەڵ یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی توێژینەوە لێرە لە واشنتن کاردەکەیت. واشنتن چۆن تەماشای ئەمە دەکات؟ ئایا وەک ململانێیەکی ناوخۆیی دەیبینن؟ لۆمەی پارتی دەکەن یان یەکێتی؟ چۆنی دەبینن کە ناوچەیەکە بێ ئەوەی حکومەتێکی چالاک، حکومەتێکی نوێ، و پەرلەمانێکی چالاکی هەبێت؟ واشنتن چۆن تەماشای ئەمە دەکات؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە بۆچوونی جیاواز هەن. لە کاتێکدا هەموو کەسێک دەڵێت گرنگە هەردوولا پێکەوە کاربکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت، پێم وانییە ئەمە ئەولەوییەتی سەرەکی بووبێت بۆ ئیدارەی ئەمریکا، لەوەش تێدەگەم بۆچی. بەرپرسیارێتییەکە بەڕاستی لەسەر سەرکردە سیاسییەکانی کوردە بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەیان. ئەمە بەرپرسیارێتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە کە گوشار بخاتە سەر هەردوولا بۆ پێکهێنانی ئەم حکومەتە. ئەوە لەسەر خۆیانە کە بیکەن.
رووداو: ئەگەر ئەوان ئەمە نەکەن، ئایا ئەوە زیان بە وێنەی کورد لێرە لە واشنتن دەگەیەنێت؟
مەبەستم لە هەموو دامودەزگاکاندا، نەک تەنیا حکومەت بەڵکو رەنگە لە کۆنگرێسەوە تاوەکو ئیدارە و پاشان ناوەندەکانی توێژینەوە و ئەو کەسانەی لێرە کاردەکەن. بێگومان، ئەو کەسانەی کە گرنگی پێ نادەن، بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کورددا یەکناگرێتەوە جیاوازە. بەڵام
ئەمە چۆن زیان بە وێنەی کورد لێرە لە واشنتن دەگەیەنێت؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: دەڵێم کێشەکە تەنانەت لە پێکهێنانی حکومەتیش تێدەپەڕێت. پێموایە کێشە گەورەکە ئەوەیە کە یەک دەنگ لە واشنتن نییە داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی کورد بکات. تۆ دەبینیت هەردوو پارتی سیاسی بە جیا لە واشنتن کاردەکەن و، هەندێک کات ئەوان لەسەر هەمان پرس کار ناکەن. پێموایە ئێستا ئەوە کێشە گەورەکەیە. ئێمە ئەنجامی ئەوەمان لە هەندێک حاڵەتدا بینیوە چونکە چەندین پرس هەبوون کە کاریگەرییان لەسەر بەرژەوەندییەکانی کوردی عێراق و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد هەبووە. دەتوانم ئاماژە بە چەند دانەیەک بکەم. کاتێک توندوتیژی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەبوو، یەک دەنگی یەکگرتوو لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانی کوردی عێراقەوە لە واشنتن و لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا نەبوو لەسەر ئەوەی بۆچی ئەمە نەک تەنیا بۆ گەلی کورد لە تەواوی ناوچەکەدا بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستانی عێراقیش زیانبەخشە. پێموایە دەشمانتوانی ببینین کاتێک سەرنجێکی زۆر لەسەر کوردی ئێران هەبوو، کە زۆربەیان نیشتەجێی کوردستانی عێراقن، یەک دەنگی کوردی نەبوو کە لەگەڵ واشنتن و لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا کاربکات لەسەر چۆنیەتی نزیکبوونەوە لەم بابەتە. بۆیە هیوادارم سەرکردەکانی هەم پارتی و هەم یەکێتی بتوانن رێگایەک بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن بدۆزنەوە. پێموایە هەڵبژاردنێکی نوێ ئەنجامێکی زۆر جیاواز بەرهەم ناهێنێت و تەنیا ئەو پرۆسەیە درێژ دەکاتەوە کە خۆی لە خۆیدا کاتێکی زۆر درێژی خایاندووە.
رووداو: پێموایە ئەوە تێڕوانینێکی روون بوو لەسەر ئەم پرسە. کەواتە با بڕۆینە سەر پرسی پێشمەرگە. هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان لە ساڵی 1992ەوە هەوڵی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن. نزیکەی 32 ساڵە. بەڵام هێشتا، ئەم هێزانە یەکگرتوو نین. چۆن تەماشای ئەمە دەکەیت، بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخات و، ئەمە چۆن زیان بە وێنەی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە ئەمەش پەیوەندیی بەو گفتوگۆیەی پێشترمان هەیە. لە جیهانێکدا کە سلێمانی و هەولێر رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ناکۆک دەبن، من داهاتوویەک نابینم کە پێشمەرگە لە حاڵەتێکی وادا بتوانێت یەکگرتوو بێت. ئەمە تەنیا پرسێکی ئەمنی نییە. تەنیا پرسێکی کرداری نییە. ئەمە پرسێکی سیاسییە. پێموایە پێویستە ئەم کێشە سیاسییە بنەڕەتییانەی نێوان هەولێر و سلێمانی بە شێوازێکی مانادارتر چارەسەر بکرێن بۆ بینینی پێشکەوتنی راستەقینە و بەرجەستە بەرەو چاکسازیی پێشمەرگە. پێموایە نەبوونی پێشکەوتن لەم رووەوە بەدڵنیاییەوە زیانی گەیاندووە بەو پاڵپشتییەی لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ ئەم پرۆسەیە هەیە و پێموایە دەکرێت ببێتە هۆی بەسەرچوونی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە لە ئەیلوولی 2026دا.
رووداو: من دەمویست پرسیارێک لەسەر ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە و هەروەها بودجەی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بکەم. ئەوەی بۆ من سەرنجڕاکێش بوو لە رەشنووسی بودجەی بەرگریی نیشتمانیدا، بینیم کە پارە بۆ هێزەکانی عێراق تەرخانکرابوو، بەڵام هیچ پارەیەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە نەبوو. ئەمە یەک، دووەمیان، لە بەرپرسانی ئەمریکی و هەروەها بەرپرسانی کوردەوە دەبیستم، ئەمریکا حەزی خۆی بۆ نوێکردنەوەی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە نیشان نەداوە. بۆچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەم یاداشتە نوێ ناکاتەوە و بۆچی پارەیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین نەکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ هێزەکانی عێراقیان دابین کردووە؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: بێگومان، من ناتوانم لەبری حکومەتی ئەمریکا قسە بکەم، بەڵام، دەزانیت، تێگەیشتنی من ئەوەیە، بە شێوەیەکی گشتی، ئەم ئیدارەیە لە تەواوی جیهاندا هاوکارییەکانی ئەمریکای کەمکردووەتەوە.
رووداو: هاوڕام لەگەڵتدا، بەڵام ئەوان بۆ هێزەکانی عێراقیان دابین کرد، نەک هێزەکانی پێشمەرگە. ئێمەش دەزانین کە هێزەکانی پێشمەرگە زۆر گرنگ بوون لە شەڕی دژی داعش دا و، مەترسیی داعشیش هێشتا لەو ناوچەیەدا ماوە.
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە ویستێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا. بە گشتی سەرنجی ئەم ئیدارەیە لەسەر کەمکردنەوەی بووونی سەربازیی ئەمریکا بووە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمەش بێگومان عێراقی فیدراڵ دەگرێتەوە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی تێکشکاندنی داعش لە ئەیلوولی 2025دا و گواستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەولێر. پێموایە دەکرێ چاوەڕوان بین کە ئەم ئیدارەیە پابەند دەبێت بەو رێککەوتنانەی کە دانوستانیان لەسەر کراوە کە کۆتایی بەم پاڵپشتییە لۆجستییە لە هەولێرەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی تێکشکاندنی داعش دەهێنێت. بۆیە ئەگەر ئەم وێنە گەورەیە وەربگریت لە پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە کە پێشکەوتنێکی زۆر کەمی بەدەستهێناوە، ویستی کەمکردنەوەی بووونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و، ویستی کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بە گشتی، پێموایە ئەرکی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو پارتی سیاسیی کوردییە کە بەڕاستی پێکەوە کاربکەن بۆ ناردنی پەیامێک کە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات، نەک تەنیا بەرژەوەندییەکانی کورد.
رووداو: ئەم پرسیارە دەکەمە کۆتا پرسیارم. بە دەستنیشانکردنی باڵیۆز تۆم باراک وەکو نێردەی تایبەت بۆ عێراق، دەزانین تۆم باراک زۆر پراگماتییە و ئەو چارەسەر دەهێنێت و بە دەوری کێشەکاندا ناخولێتەوە. ئەو هەوڵدەدات چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە. خەڵکێک پێیخۆشە یان پێیناخۆشە، ئەوە بابەتێکی جیاوازە. چۆن تەماشای ئەوە دەکەیت؟ ئایا پێتوایە تۆم باراک رۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەگێڕێت بۆ کۆکردنەوەی حیزبە سیاسییەکانی کورد پێکەوە و دروستکردنی حکومەتێک و، لە هەمان کاتدا رۆڵێکی گەورەتری هەبێت لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؟
ڤیکتۆریا تەیلەر: راستییەکەی ئەوەیە هەرچەندە تۆم باراک تازە بە فەرمی لەم پۆستەدا بۆ عێراق دەستنیشانکراوە، بەڵام ئەو لە راستیدا بۆ ماوەی چەندین مانگە لە دوای رۆیشتنی مارکا ساڤایا وەک نێردەی تایبەت، سەرکردایەتی سیاسەتی عێراق دەکات. تاوەکو ئێستا، پێم وانییە باڵیۆز باراک رۆڵی ئەمریکای وەک چالاکترین یاریزان لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بینیبێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو بڕیار نادات بە چالاکی زیاتر بەشدار بێت. بەڵام پێم وانییە ئەم تیمە رۆڵی خۆی بە بەرپرس لەمە بزانێت. پێموایە ئێستا نابێت پارتی و یەکێتی پشت بە ئەمریکا ببەستن بۆ گێڕانی ئەم رۆڵی نێوەندگیرییە. پێموایە جێگەی داخە کە حکومەت پێکنەهێنراوە. من پێموایە لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە کە رەنگە بیر لە گێڕانی رۆڵێکی چالاکتر بکاتەوە. بەڵام لە کۆتاییدا، بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی سەرکردایەتی سیاسیی کوردە.
رووداو: زۆر سوپاس، ڤیکتۆریا. هەمیشە سەرنجەکانت لەسەر عێراق و کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی ناوچەکە جێی سەرنجن. سوپاسێکی زۆر بۆ بەشداریت لە رووداو و بۆ تێڕوانینەکانت.
ڤیکتۆریا تەیلەر: سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم.

