وەك چۆن دەڵێن لە پشت هەر پیاوێكی گەورەوە ژنێكی گەورە هەیە، رێك لە پشت هەر میللەتێكی رۆشنبیریشەوە، سیستمێكی رێكوپێك و پزیشكانێكی دڵسۆز هەن، مەبەستم ئەوەیە خەڵكی باش پزیشكی باش دروستدەكەن.
كەم نین ئەو هاونیشتمانییانەی پاككردنەوەی ددانەكان بە كڕاندن تێگەیشتوون و كاتێكیش بڕیاری پاككردنەوەی ددانەكانیان دەدەن، بە پزیشكی ددان دەڵێن دكتۆر گیان زۆر مەیكڕێنە، هەندێكیان زانیارییەكەیان لە زمانی باجی رەعنا و ئەوانەوە هێناوە و هەندێكیشیان لە زمانی ددانسازە میللیەكانەوە.
ددانسازی میللی بەپێی یاسا لە هەرێمی كوردستان مافی كاركردنی نییە لە پیشەی پزیشكی دداندا، كە پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە و بڕگەیەكی یاساكە دەڵێت: پێویستە ئەو كەسەی كار لە پیشەی پزیشكی دداندا دەكات، هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت لە پزیشكی ددان، بەڵام ئەوانەی هەڵگری ئەو بڕوانامەیە نین و ئەو كارە دەكەن، هەرگیز لە ژمارەدا كەمتر نین لەوانەی هەڵگری بڕوانامەكەن و كاری پزیشكی و نۆشداریی دەم و ددان دەكەن.
زۆر كاری قەڵب و قۆڕ دەبیستی و دەبینی كە ددانسازەكان كردوویانە، جارێك لە نەخۆشخانە ژنێك هاتبوو دەیویست تاقمەكەی بۆ لاببرێت، كە بە چەسپ و دەرمانێكی نەزانراو بە مەڵاشوویەوە لكێنرابوو، بەڵام كە لابرا، هەیهوو، هەموو ژوورەكەیان چۆڵ كرد لەبەر بۆن، جۆرەها ئیشی تر وەك چاندنی برغووی تراكتۆر لە دەمی نەخۆشدا و بەكارهێنانی لۆكە و رۆن ستۆپیش بۆ چارەسەری ددان.
بەپێی زانست، دەبێت تاقم شەوانە لاببرێت و پاكبكرێتەوە، بەڵام كاتێك ژنێك دەخەڵەتێنرێت و بەرامبەر پارەیەكی زۆر لە ژێر ناوی ددانی جێگیردا تاقم بە مەڵاشوویەوە دەلكێنرێت، با بڵێین ئەوە ئاساییە، ئەی كاتێك ژنەكە رەتیدەكاتەوە سكاڵا لە دژی تاوانبار تۆمار بكات، بە بیانووی ئەوەی نایەوێ رزقی ببڕێت، ئەوەیان چییە؟ دەتوانی پێی بڵێی ژنێكی باشە یان گێلە؟ ئاخر كابرایەكی ئەمریكی بە ئۆتۆمبێل پیاسەی كردبوو، دواتر بە كوردەكەی هاوڕێی گوتبوو: ئێوە میللەتێكی زۆر باشن، لە ترافیك ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە لە لاوە خۆیانی پێدا دەكەن كەس قسە ناكات!
خەڵك بەرامبەر ددانسازەكان بێدەنگن و ئاستی زانیارییەكانیان ناگاتە ئەوەی تێبگەن لەوەی كێشەكە تەنها هەرزانیی نرخ نییە، وەك ددانسازەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، هەرچەندە ددانساز هەیە دوو هێندەی پزیشك گرانجانە، بەڵام كێشەكە لەوە گەورەترە، قیروسیا با ددانەكەشی سەقەت بكات و دواتر بیكێشێت، بەڵام ددانسازەكان پرۆسەی كۆنترۆڵكردنی گواستنەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان نازانن، لەوانەیە لە رێیانەوە ڤایرۆسی جگەر بگوازرێتەوە كە مەترسییەكەی كەمتر نییە لە ئایدز، بەپێی لێدوانە نافەرمییەكانیش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی جگەر بۆ سەدان بەرز بووەتەوە!
كاتێك لێپرسینەوە نەبوو، چاودێری نەبوو، هەندێك پزیشك جیاوازییان نامێنێ لەگەڵ ددانساز، پیشەكەیان تەنها دەبێتە پارە پەیداكردن و هیچی دیكە.
پرۆسەی كۆنترۆڵكردنی میكرۆب یان پاكژكردنەوەی ئامێرەكان و پاكژ راگرتنیان لە نێوان دوو نەخۆشی دوا بە دوای یەكدا، پرۆسەیەكی تەواو هەستیارەو تاقەت و حەوسەڵەیەكی باشی دەوێت، لەگەڵیدا زانیارییش، بیستوومە دەڵێن كاتێك پزیشكە عێراقییەكانی ددان لە ئەوروپا دەیانەوێت كار بكەن، لە تاقیكردنەوەی زانستی و پراكتیكیدا هەر زوو دەردەچن، بەڵام لە تاقیكردنەوەی پاكژكردندا نا.
لە غیابی حكومەت و وەزارەتی لاموبالاتی تەندروستیدا، تەنها خەڵكە دەتوانێت شوێنی ددانسازەكان دابخات، لێپرسینەوەش لە پزیشكان بكات و شەرمەزاریان بكات.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)