رووداو- هەولێر
سەرەڕای شەڕ و کوشتار و نەبوونی دەرمان و گرانبوونی کەلوپەل و خۆراک، پەیدابوونی گرفت لە دابینكردتی ئاوی خواردنەوە کێشەیەکی دیکەیە كە بەرۆکی سوورییەکانی گرتووە بە تایبەت لە دیمەشقی پایتەخت.
ئاوی دیمەشق سەرچاوەکەی لە وادی بەرەدایە و بەهۆی ئەوەی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و سووریاوە بۆردوومان کراوە، نزیکەی پێنج ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس بێ ئاوی خواردنەوە ماون. ئەو کەمئاوییەی دیمەشق بووەتە هۆی دەرکەوتنی چەندین نەخۆشی و کێشەی دیکەی تەندروستی، ئەوەش لە کاتێکدایە کە شارەکە پیشتر لەبەر بێ دەرمانی و گرانی دەرمانی بیانی دەیناڵاند.
کۆمەڵەی چاودێری بازار پێشنیازی پێشخستن و بەرهەمهێنانی دەرمان دەکات لە نێوخۆی سوریا، چونكە بە هۆی ئەوەی کە نزیکەی حەوت ساڵە وڵاتەکەیان لە قەیرانی سیاسی و شەڕدایە، لە ناوچە جیاوازەكانی سووریا بە رێژەیەک دەرمان کەمبووەتەوە کە نرخی دە بەرامبەر بووە، بەتایبەتی نرخی دەرمانە هاوردەکان زۆر گرانە و خەڵکەکە توانای کڕینیان نییە.
داڕشتنەوە: سەروەر سالار

.jpg&w=3840&q=75)
