رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا پرۆسەی لەجێدانان (لە شوێندانان) بۆ مامۆستایانی گرێبەست لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستپێبکاتەوە، دوای ئەوەی نزیکەی زیاتر لە مانگێک بوو پرۆسەکە راگیرابوو.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، تۆلاز محەممەد، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاردرا پرۆسەی لەجێدانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە دەستپێبکاتەوە."
نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد، دوو ساڵ پێش ئێستا بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە خوێندنی باڵا چوار هەزار و 104 مامۆستا و لە وەزارەتی پەروەردەش زیاتر لە 36 هەزار کەس کرانە گرێبەست، بەڵام "ئەوانەی بە هەر هۆکارێک نەیاندەتوانی کار بکەن، نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا لەجێدانانیان راگیرا، ئەمڕۆش بڕیاردرا دووبارە دەستپێبکاتەوە."
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە مانگێک پێش ئێستا بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران لەجێدانان لە خوێندنی باڵا راگیرا، چەند رۆژێک دوای ئێمەش لە پەروەردە راگیرا. ئێمە پێشتر ناوی نزیکەی 1000 کەسمان ناردبوو بۆ ئەنجوومەن بەڵام رەزامەندی لەسەر نەدرابوو، ئێستا بە بڕیارە نوێیەکە کار لەسەر ئەو 1000 کەسە دەکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوەش کرد، جیا لەو ناوانەی کە پێشتر نێردراون، هێشتا پێویستیی دیکەشیان هەیە و کاری لەسەر دەکرێت بۆ لەجێدانانی کەسانی دیکەش.
سەبارەت بە دۆخی میلاکی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردەش، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە بە رووداوی گوت: "نزیکەی دوو هەزار و 500 کەسی لادراومان هەبوو، پێشتر بۆ 1100 کەسیان لەشوێندانان کرا، بەڵام بەهۆی راگرتنی پرۆسەکەوە ئەو ژمارەیەی دیکە کە مابوونەوە لەشوێندانانیان بۆ نەکرا، ئەوەش بەهۆی خانەنشینبوون و هۆکاری دیکە کەلێنی دروستکردبوو."
کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێ، ئەمڕۆ هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا داوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەیان کردووە و بڕیاردراوە کارکردن بە لەجێدانان لە هەردوو وەزارەت دەستپێبکاتەوە.
پرۆسەکە کەی راگیرابوو؟
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بە ژمارە 9722 لە رۆژی 09-08-2026 بە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە، کارکردن بە پرۆسەی لەجێدانان بە هەموو شێوەیەک راگیرابوو.
رۆژێک دوای ئەوە کارکردن بە پرۆسەی لەجێدانان لە وەزارەتی پەروەردەش راگیرا.



