رووداو دیجیتاڵ
ترۆی مینک، بەرپرسی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکدا بە ئاشکرا دانی بە شتێکدا نا کە بەرپرسانی واشنتن ساڵانێکی زۆر بوو خۆیان لە گوتنی دەدزییەوە؛ ئەویش ئەوەیە کە سوپای ئەمریکا بە نیازە بۆشایی ئاسمان پڕ بکات لە چەک و لە راستیدا ئێستاش چەکی هێرشبەری لە خولگەی زەویدا جێگیر کردووە.
مینک گوتی: "خۆمان زیاتر لە بەرامبەر هەڕەشەکان ئامادە دەکەین... ئەمریکا لە بۆشایی ئاسماندا چەکی کۆنترۆڵکراوی هەیە کە دەتوانێت لە بەرامبەر هەر پەلامارێکی دوژمنکارانە بەرگری لە هێزەکانمان بکات."
ئەم دانپێدانانە دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکردووە، چونکە چەکدارکردنی بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 1967ـەوە بەپێی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان (Outer Space Treaty) بە تەواوی قەدەخە کراوە، کە زیاتر لە 112 وڵات واژۆیان لەسەر کردووە. بەڵام لە رستیدا وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، رووسیا و چین هەمیشە بە نهێنی یان بە تاقیکردنەوە ئەم یاسایەیان پێشێل کردووە.
مێژووی شکاندنی مانگە دەستکردەکان
•ئەمریکا (1985): بە مووشەکێک لە فڕۆکەیەکی جەنگییەوە، مانگێکی دەستکردی کەشناسیی کۆنی خۆی لە بۆشایی ئاسماندا تێکشکاند. هەڵوێستی فەرمیی ئەمریکا هەمیشە دژایەتیکردنی چەکدارکردنی ئاسمان بوو؛ تەنانەت لەو سەردەمەدا گوتەبێژێکی باڵای هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە میدیاکانی گوتبوو: "ئێمە نامانەوێت ئەو کارە بکەین." بەڵام لە پشت پەردەوە کارێکی دیکە دەکرا.
•چین (2007): بە مووشەکێکی بالیستی لەسەر زەوییەوە، مانگێکی دەستکردی خۆی لە بەرزایی زیاتر لە 800 کیلۆمەتر تەقاندەوە.
•رووسیا (2021): بە مووشەکێک مانگێکی دەستکردی سەردەمی سۆڤیەتی لە بۆشایی ئاسمان تێکشکاند.
ترەمپ و پڕۆژەی "گومەزی زێڕین"
دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا لە ساڵی 2019 "هێزی بۆشایی ئاسمان"ی وەک لقی شەشەمی سوپای ئەمریکا دامەزراند. دوای گەڕانەوەشی بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی 2025، خێرایی چەکدارکردنی ئاسمانی زیاتر کرد.
ترەمپ فەرمانی دروستکردنی سیستمی گومەزی زێڕینـی دەرکرد؛ سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 20 ساڵدا تێچووەکەی بگاتە 1.2 ترلیۆن دۆلار. ئەم پڕۆژەیە لە مانگە دەستکردەکانی چاودێری و مووشەکی راوکردنی مووشەک لە بۆشایی ئاسمان پێکدێت.
چ جۆرە چەکێک لە بۆشایی ئاسماندا بەکاردێت؟
تەنیا مووشەک نین کە بەکاردەهێنرێن، بەڵکو چەندین جۆری دیکەی تەکنەلۆجیا لە پەرەپێداندان:
1.لێزەر و شەپۆلی مایکرۆوەیڤ: بۆ کوێرکردنی کامێرا و سووتاندنی مێشکی ئەلیکترۆنیی مانگە دەستکردەکانی دوژمن.
2.باسکی رۆبۆتی: گۆڤاری "فۆڕن پۆڵیسی" بڵاویکردووەتەوە کە چین سەرقاڵی دروستکردنی مانگی دەستکردە بە باسکی رۆبۆتییەوە تاوەکو مانگی دەستکردی دوژمن لە خولگەکەی بکاتە دەرەوە؛ پسپۆڕانیش پێیان وایە رەنگە ئەمریکاش هەمان ئەم تەکنەلۆجیایەی هەبێت.
مەترسییە گەورەکە چییە؟ (کارەساتی کێسلەر)
گەورەترین مەترسی لە تەقاندنەوەی مانگە دەستکردەکاندایە. کاتێک مووشەکێک لە مانگێکی دەستکرد دەدات، دەیکاتە هەزاران پارچە زبڵ و پاشماوەی وردیلە، کە بە خێراییەکی زۆر گەورە (نزیکەی 8 کیلۆمەتر لە یەک چرکەدا) لە دەوری زەوی دەسووڕێنەوە. بەهۆی ئەو خێراییە زۆرەوە، تەنانەت پارچەیەکی زۆر بچووکیش دەتوانێت وەک فیشەک لە مانگێکی دیکەی دەستکرد بدات و خاپووری بکات.
ئێستا نزیکەی 15 هەزار مانگی دەستکردی کارا و 10 هەزار مانگی دەستکردی لەکارکەوتوو لەگەڵ سەدان ملیۆن پارچە پاشماوەی ورد لە خوولگەی زەوی دەسووڕێنەوە.
زانایان لە دیاردەیەک دەترسن بە ناوی "کاریگەریی کێسلەر" کە هاوشێوەی سیناریۆی فیلمی بەناوبانگی "Gravity"یە: ئەگەر تەنیا یەک مانگی دەستکرد بتەقێتەوە، پارچەکانی بەر مانگەکانی دیکە دەکەون و ئەوانیش دەتەقنەوە؛ بەم شێوەیە کارلێکێکی زنجیرەیی دروست دەبێت و هەموو مانگە دەستکردەکان لەنێودەچن. ئەمەش واتا نەمانی ئینتەرنێت، پەککەوتنی پەیوەندییەکان، کەشناسی و سیستمی GPS لە سەرتاسەری جیهاندا.
ترۆی مینک ناڵێت ئەمریکا چی لە بۆشایی ئاسماندا داناوە، بەڵام بە روونی گوتی: چەکەکان لەوێن و کار دەکەن و چەکی زیاتریشیان بەدوادا دێت. ئەو دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ چەندین تەکنەلۆجیای خێرا لە گۆڕانداین و دوژمنەکانیشمان هەوڵی بەکارهێنانیان دەدەن... بۆیە دەبێت ئێمە لە هەمووان خێراتر دایانبهێنین."



