توێژینەوە: ئەوانەی شەش کاژێر و کەمتر دەخەون تووشی وشکبوونەوە دەبن

11-11-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن خەوتن، وشکبوونەوە، نووستن، ڤازۆپریسین
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە کەمخەویی مەترسیی وشکبوونەوەی جەستە زیاددەکات، ئەوەش بە تیپەڕبوونی کات لێکەوتەی خراپتری لەسەر جەستە دەبێت.


توێژینەوەکە، کە لە جۆرناڵی زانستیی (سلیپ) بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کەمخەوی لەمپەر بۆ کاری سروشتیی هۆرمۆنەکان درووستدەکات، بە تایبەت ئەوانەیان کە کار لەسەر پاراستنی باڵانسی شلەمەنییەکانی جەستە دەکەن، ئەوەش مەترسیی وشکبوونەوەی جەستە زیاددەکات.

توێژینەوەکەی زانکۆی پەنسلڤانیای ئەمریکا لەسەر کەسانی پێگەیشتوو لە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و چین ئەنجامدراوە و دەریخستووە بەراورد بەوانەی هەشت کاژێر دەنوون، ئەوانەی شەش کاژێر و کەمتر دەخەون ئەگەری وشکبوونەوەی جەستەیان زیاترە.

توێژەرەکان گوتوویانە کەمخەوی کاری هۆرمۆنی (ڤازۆپرێسین) تێکدەدات کە بەرپرسە لە رێکخستنی شلەمەنییەکانی جەستە. تێکچوونی کاری ئەو هۆرمۆنە بەهۆی کەمخەویی، دەبیتەهۆی وشکبوونەوەی جەستە.

وەک لە توێژینەوەکەدا روونکراوەتەوە، هۆرمۆنی (ڤازۆپرێسین) بەزۆریی لەکاتی خەودا دەردەدرێ، بۆیە ئەوانەی کەمدەخەون ماوەی چالاکیی ئەو هۆرمۆنەیان کەمترە و سەرەنجام توانای شێدار هێشتنەوەی جەستەیان کەمتر دەبێت.

بەپێی ئەنجامە بەدەستهاتووەکان شەش کاژێر کەمە بۆ ئەوەی هۆرمۆنی ڤازۆپرێسین بە باشترین شێوە کاری خۆی بکات و شێداریی جەستە بپارێزێت.

لە توێژینەوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە کە هەستی ماندووبوونی ئەو رۆژانەی خەوی پیویستت نەبووە، بەشێکی پەیوەندی بە وشکبوونەوەی جەستە هەیە، بۆیە ئەو شەوەی کەمدەخەوی، دەبێ رۆژی دواتر بڕی زۆرتری ئاو بخۆیتەوە.

هۆشداریشدراوە کە وشکبوونەوەی جەستە کار لە میزاج و توانای هزریی و جەستەیی دەکات، زۆر دووبارەبوونەوەشی ئەگەری هەوکردنی میزڵدان و بەردی گورچیلە زیاددەکات.

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر توێژینەوەیەکی دیکە دەریخستبوو کەمخەوی رێگەخۆشدەکات بۆ چەند گرفتێکی تەندروستیی وەکوو؛ رەقهەڵاتنی لوولەکانی خوێن، قەڵەوی، بەرزەپەستانی خوێن و بەرزیی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن و شەکرە، کە پێکەوە پییان دەگوترێ کۆنیشانەی زیندەپاڵ (میتابۆڵیک سیندرۆم).


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە