چەرەس دژی قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵە

10-11-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن چەرەس، دڵ، قەڵەوی
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی پزیشکی نوێی ئەمریکی دەریخستووە رۆژانە خواردنی بڕێکی کەم لە چەرەسەکان ئەگەری قەڵەوبوون و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.


توێژینەوەکە لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکا ئەنجامدراوە و لە کۆنگرەی (کۆمەڵەی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا) پێشکەشکرا کە لە شاری شیکاگۆ بەڕیوەدەچێ.

توێژەرەکان دەڵێن پێکهاتەکانی نێو چەرەسەکان دژی قەڵەوین، ئەگەر رۆژانە تەنیا 28 گرامیان لێبخورێت، هەروەک بە چەورییە سوودبەخشەکان دەوڵەمەندن کە گرنگن بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن.

توێژینەوەکە سوودی لە داتا تەندروستییەکانی 126 هەزار خانم و پیاو وەرگرتووە کە تووشبووی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بوون و چوار ساڵ جارێک فۆرمێکیان پڕکردووەتەوە سەبارەت بە خواردنی رۆژانەی چەرەسەکان بە گشتی و گوێز بە تایبەتی.

لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەوانەیان کە رۆژانە دەورەبەری 30 گرام چەرەس دەخۆن، کێشیان تەندروستانەترە و ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کەمترە.

توێژەرەکان گوتوویانە جێگرتنەوەی بەشێک لە خواردنەکانی وەک گۆشتی سوور، پەتاتەی سوورەوەکراو و سووکەژەمە شیرینییەکان بە دەوروبەری 30 گرام چەرەس رێگە لەو زیادبوونە هێواشە دەگرێت کە لەگەڵ چوونە تەمەندا لە کێشی جەستەدا روودەدات، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کەمدەکاتەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە