جگەرە و شەکرە بۆ دڵی خانمان خراپترن

10-11-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن سڵ، خانمان، شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن، جگەرەکێشان
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئەو خانمانەی جگەرەدەکێشن یان شەکرەیان هەیە یاخود گوشاری خوێنیان بەرزە، زیاتر لە پیاوە هاوتاکانیان تووشی جەڵتەی دڵ دەبن.


بەرەنجامە نوێیەکە لەکاتێکدایە لە باری ئاساییدا پیاوان سێ هێندی خانمان زیاتر تووشی جەڵتەی دڵ دەبن.

توێژینەوەکە لایەن زانکۆی ئۆکسفۆرد و لەسەر نیو ملیۆن کەس ئەنجامدراوە کە تەمەنیان 40-69 ساڵان بووە و داتاکانياین لە بانکی زانیارییە زیندەییەکان (بایۆبانک)ی بەریتانیا هەڵگیراون.

توێژینەوەکە دەڵێ لەماوەی حەوت ساڵدا لەنێو بەشداربووەکاندا 5081 حاڵەتی جەڵتەی دڵ تۆمارکراون.

توێژەرەکان دەڵێن هەرچەندە خانمان کەمتر لە پیاوان تووشی جەڵتەی دڵ دەبن بە گشتی، هەندێک هۆکاری رێگاخۆشکەر هەن کە بۆ خانمان مەترسیدارترن بەراورد بە پیاوان.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەو خانمانەی جگەرەدەکێشن، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ سێ هێندە زیاددەکات بەراورد بەو خانمانەی نایکێشن. کەچی پیاوە جگەرەکێشەکان دوو هێندەی پیاوە جگەرەنەکێشەکان مەترسی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ لەسەرە.

هەروەها بەرزەپەستانی خوێن بە راددەی 83% ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاتردەکات، بەراورد بە کاریگەریی گوشاری خوێن لەسەر تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لە پیاواندا.

هەروەها شەکرەی جۆری 1 و 2 بە راددەیەکی بەرزتر خانمان تووشی جەڵتەی دڵ دەکەن بەراورد بە پیاوان.

توێژەرەکان بە دیاریکراوی نازانن بۆچی جەستەی خانمان هەستیارترە بۆ مەترسییەکانی جگەرە و شەکرە و گوشاری خوێن، بەڵام هەندێک لێکدانەوەی خۆیان بۆ کردوون.

ئەوان دەڵێن وا دیارە لایەنی بایۆلۆجیی جەستەی خانمان جیاوازییەکەی بەشێوەیەکە لەگەڵ پیاوان کە کەمتر بەرگەی ئەو هۆکارە رێگەخۆشکەرانە دەگرێ.

هەروەها دەڵێن لەوانەیە خانمان کەمتر لە خەمی پاراستنی دڵیان بن، چونکە هەمیشە دەگوترێ خانمان کەمتر لە پیاوان تووشی نەخۆشیی دڵ دەبن، ئەو کەمتەرخەمییە لە خۆپارێزیدا خانمەکە زیاتر دەخاتە مەترسی.

جگە لەوانە، دەڵێن پارێزراویی زیاتری خانمان بە گشتی لە نەخۆسییەکانی دڵ، رەنگە بەهۆی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان بووبێ و لە داهاتوو کە ژیانی کۆمەڵایەتی خانمانیش نزیکدەبێتەوە لەوەی هاوشێوەی پیاوان بێت، ئەوانیش بە هەمان راددەی پیاوان بکەونە مەترسی.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە