لە غەززە شەش کەس بە ئەنفلۆنزای بەراز مردن

09-11-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن ئەنفلۆنزا، غەززە
A+ A-



رووداو-سلێمانی

سەرچاوە پزیشکییەکان لە کەرتی غەززەی فەلەستین دەڵێ ئەنفلۆنزای بەرزا بووەتەهۆی مردنی چەند کەسێک و دامەزراوە تەندروستییەکانیش لە قەیرانی پێداویستییە پزیشکییەکاندان.


چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی لە کەرتی غەزەی فەڵەستینییەوە لە لێدواندا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێن شەش کەس بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی (ئێچ وەن ئێن وەن)ی تووشکەری ئەنفلۆنزای بەراز مردوون، بەڵام رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمەی پشتڕاستنەکردووەتەوە و دەڵێ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە راست و درووستی ئەو زانیارییە و هۆکاری مردنی ئەو شەش کەسە.

بەرپرسێکی تەندروستی کەرتەکە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرای بکرێ لەبەر هەستیاریی بابەتەکە، بە ئاژانسی فرانسپرێسی گوتووە "لانیەم شەش کەس بەهۆی تووشبوونیان بە ئەنفلۆنزای بەراز مردوون". هەروەها د. مەجدی زەهیر، بەڕێوەبەری بەشی خۆپاریزی تەندروستی لە کەرتەکە، بە فرانس پرێسی گوتووە ''بەڵێ هۆکاری پەتاکە ڤاریۆسی ئێچ وەن ئێن وەنە، حاڵەتگەلی مردنیش تۆمارکراون، حاڵەتی تووشبوونی دیکەش هەن لە نەخۆشخانەکانمان خەوێنراون''.

بەڵام بەیاننامەی فەرمیی وەزارەتی تەندروستی کەرتەکە دەڵێ هەرچەندە حاڵەتی مردن بەهۆی ئەنفلۆنزا تۆمارکراون، ئەو کەسانە تووشی ئەنفلۆنزای وەرزی بوون نەک بەراز، ئاماژەش بە کەمیی پێداویستییە پزیشکییەکان لە کەرتی غەزە دەکات، کە 12 ساڵە بەدەست گەمارۆی ئیسرائیلەوە دەناڵێنێ.

هەرچی رێکخراوی تەندروستی جیهانییە، ئەوە دەڵی لێکۆڵینەوە لە حاڵەتەکان دەکات. مەحمود زاهیر، بەرپرسی نووسینگەی رێکخراوەکە لە غەززە، بە فرانس پرێسی گوتووە "هەموو ساڵێک حاڵەتی مردن بە ئەنفلۆنزا تۆماردەکرێت لە غەززە، کە هەندێکجار ئەنفلۆنزای بەرازە. ئێمە لە بابەتەکە دەکۆڵینەوە بزانین ئایا ئەمە شەپۆلێکی بەرفروانی نەخۆشی گوازراوەیە یان نا، جارێ زووە دەرەنجامەکان بخەینەڕوو".

ساڵی 2002 لە کەرتی غەززە چەند کەسێک بە ئەنفلۆنزای بەراز مردن، بەڵام توانرا شەپۆلی نەخۆشییەکە کۆنترۆڵبکرێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە