لە سەپڵیمێنتەکاندا ستیرۆید و ماددەی وروژێنەر بە شاراوەیی هەن

08-11-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن سەپڵیمێنت، ڤیتامین
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژەرانی ئەمریکا پێکهاتەی ناونەهێنراویان لەو سەپڵیمێنتانەدا دۆزیوەتەوە کە بۆ بونیاتنانی ماسولکە، کێش دابەزاندن و بەهێزکردنی توانای سێکسی بەکاردێن.


لە راپۆرتێکی زانستیی، کە لە جۆرناڵی زانستی (جاما) بڵاوبوەتەوە، توێژەرانی ئەمریکا ئەنجامی ئەو پشکنینە بڵاودەکەنەوە کە دەزگای دەرمان و خۆراکی ئەمریکا لەنێوان ساڵانی 2007-2016 شیکاری بۆ کردوون.

لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوت لە 776 جۆری ئەو سەپڵیمێنتانەدا چەندین ماددەی پەسەندنەکراویان تێدایە کە زیان لە تەندروستی دەدەن، کەچی لەسەر قوتووەکان نانووسرێن.

زۆرینەی رەهای سەپڵیمێنتەکان بە سێ مەبەست فرۆشراون؛ 46% یان بەناوی بەهێزکردنی توانای سێکسی، 41%یان بەناوی دابەزاندنی کێش و 12%یان بەناوی گەورەکردنی ماسولکە. کەچی مەددەی مەترسیدار و زیانبەخش کراوەتە پێکهاتەیان، بێئەوەی لەسەر قوتوی دەرمانەکان ئاماژەیپێبکرێ.

د. ئارێل لێڤیتان، یەکێک لە دوو نووسەرەکەی کتێبی بەناوبانگی (The Vitamin Solution)، دەڵێ "گەرانتییەک نییە بۆ ئەوەی هەمان ئەو شتەی لەسەر قوتووی دەرمانی سەپڵیمێنتەکە نووسراوە، لەو حەبانەدا هەبێ کە لەنێو قوتووەکەدان! کارگەکان ماددەی جۆراوجۆر تێکەڵی بەرهەمەکانیان دەکەن، جاری وا هەیە نابێ ماددەیەکی دیاریکراو لەنێو حەبەکاندا بێ چونکە زیانبەخشە، کەچی لەنێو پێکهاتەی حەبەکە هەیە بێئەوەی نووسرابێ".

بۆ نموونە بەشێکی زۆر لە سەپڵیمێنتەکان ماددەی (سیبیوترامین) یان تێدابوو، کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن زیاددەکات و لەساڵی 2010 ەوە لە ئەمریکا قەدەخەکراوە. هەروەها بەشێکی بەرچاویان، بە تایبەت ئەوانەی بۆ بونیاتنانى ماسولکە دەفرۆشرێن، بڕێکی زۆری ستیرۆیدیان تێدایە، هەروەها ئەوانەی بۆ بەهێزکردنی لایەنی سێکسی دەفرۆشرێن ڤیاگرایان تێدایە. هیچکام لەمانەش لەسەر قوتوی دەرمانەکان نانووسرێن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە