رووداو دجیتاڵ
هاوسەرۆکانی دەم پارتی بەبۆنەی سەری ساڵی 2025ـەوە پەیامێک بڵاودەکەنەوە و دەڵێن: ''لە چارەسەری پرسی کورد دا دیالۆگ بە بنچینە وەردەگرین''.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی سێشەممە، 31-12-2024، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەسەر زاری هەریەک لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هەردوو هاوسەرۆک ئاماژەیان بە رووداوەکانی 2024 کردووە و گوتوویانە: ''ساڵێکمان بەڕێکرد کە گەلانی تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، باجی زۆریان لە پێناوی داد، سەربەخۆیی، یەکسانی و بژێوی دا، بەڵام ساڵێکیش بوو کە تێیدا پەرەیان بە خەبات و هاوپشتی دا''.
دوو هاوسەرۆکەکە باسیان لەوە کردووە، پارتەکە لە ساڵی 2024دا داکۆکی لە هەموو خواستەکانی جەماوەرەکەی کردووە و دەڵێن: ''بەپێداگرییەوە خەباتمان دژی گۆشەگیرکردن، شەڕ، قەیرانی ئابووری و نایەکسانییەکان کرد''.
دوو هاوسەرۆکەکەی دەم پارتی بە ئومێدەوە لە ساڵی 2025 دەڕوانن دەڵێن: ''لە هەموو بارێکدا دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بە بنچینە وەردەگرین، لە سەرووی هەموویانەوە پرسی کورد. بەردەوام دەبین لەوەی ببینە دەنگی مافخوراوان، ژنان، گەنجان و رەنجدەران''.
هاتیمئۆغوڵڵاری و باکرهان لە پەیامەکەدا ئاماژەیان بە یەکێک لە گوتەکانی پەیامەکەی ئۆجەلان کردووە کە گوتبووی: ''سەردەم، سەردەمی ئاشتی، برایەتی و دیموکراسییە بۆ تورکیا و ناوچەکە''.
هەردوو هاوسەرۆکەکە جەختیان لەوە کردوەتەوە کە ساڵی 2025 دەکەن بە ساڵی هیوا و ئاشتی.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 01-10-2024 لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە هەنگاوێک بۆ پرۆسەی ئاشتی نرا.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 26-11-2024، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەنێوان ئیمرالی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت".
دوای ئەو بانگەوازەی سەرۆکی مەهەپە، دەم پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، داواکاری پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد و داواکارییەکەی پەسندکرا.
رۆژی شەممە، 28-12-2024، شاندی پارتەکە سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە.
رۆژی یەکشەممە 29-12-2024، شاندەکە ئەنجامەکەی بڵاوکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ