رووداو دیجیتاڵ
بە نوێنەرایەتیی شەش هەزار کەس، وانەبێژانی خۆبەخش لە کەرکووک بۆ 20ەمین جار روویان لە بەردەم ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و داوایان کرد لە کۆی 7 هەزار و 300 پلەی دامەزراندنی پارێزگاکە، پشکیان پێبدرێت.
ئەم وانەبێژانە ماوەی شەش ساڵە بەشێوەی خۆبەخش لە قوتابخانەکانی کەرکووک وانە دەڵێنەوە، بەڵام حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا ئامادە نییە بەهەمیشەیی دایانبەمەزرێنێت.
هاوسەر نەجمەدین، نوێنەری وانەبێژانی خۆبەخش، باسی لە دۆخی سەختی خۆبەخشەکان کرد و گوتی: "زۆربەیان پارەیان نییە و بێ کەسن، ناچارن بێن لەم رێگەیەوە داوای دامەزراندن بکەن، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا گوێمان بۆ ناگیرێت و هیچ سوودێکی نەبووە."
سارا شوان، وانەبێژێکی دیکەی بەشداربووی خۆپیشاندانەکەیە، رایگەیاند تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵییەوەیە و هێشتا بەخۆڕایی وانە دەڵێنەوە، لەکاتێکدا چاوەڕێی دامەزراندن بوون.
هەروەها هودا تاهیر، وانەبێژێکی دیکە، ئاماژەی بەوە کرد کە بەڵێنەکانی ئیدارەی پارێزگاکە تەنیا بۆ "سڕکردن و بێدەنگکردنیانە" و هیچ هەنگاوێکی کردارییان لەپشتەوە نییە.
ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گومانیان لە ژمارەی راستەقینەی وانەبێژانی خۆبەخش هەیە، بۆیە رەتی دەکەنەوە لەو 7 هەزار و 300 پلەی دامەزراندنە پشکیان پێبدرێت.
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەبارەی گرفتەکانەوە رایگەیاند: "دەیان نووسراومان کردووە و وەڵامی نووسراوەکانمان نەدراوەتەوە بۆ ئەوەی پشک بۆ وانەبێژانی خۆبەخش تەرخان بکەین. لە خۆپیشاندانەکاندا ژمارەیان 300 کەسە، بەڵام ئێمە لیژنە پێکدەهێنین، ژمارەیان دەگاتە 8 هەزار بۆ 9 هەزار کەس."
دوای سێ کاژێر، خۆپیشاندانەکە کۆتایی هات، بەڵام وانەبێژانی خۆبەخش جەختیان کردەوە لە بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبن تاوەکو وەڵامێکی روون و فەرمی لە ئیدارەی کەرکووکەوە وەردەگرن.



