رووداو – دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی ئێران ئێران رایگەیاند، چوار ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە سنووری بانە کوژران و دەستیش بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تەممووزی 2026، سەعید مونتەزز مەهدی، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران ئێران رایگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە هاوکاری لەگەڵ ئیتلاعاتی بانە، چاودێری وردی جموجۆڵە سنوورەکانیان کردووە و لە هاتنە ناوەوەی یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی پژاک بۆ ناو وڵات ئاگادار بوونەوە و دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنییان بۆ دەستگیرکردن و رووبەڕووبوونەوە کردووە.
سەعید مونتەزز مەهدی گوتی: "لەم ئۆپەراسیۆنەدا و لە کاتی پشکنینی ناوچەکەدا و چاودێریی هاتووچۆکان، ئۆتۆمبێلێکی جۆری سەمەند کە ئەندامانی پژاکی هەڵگرتبوو. لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی چەکداری لە نێوان پاسەوانانی سنوورەکە چوار ئەندامی پژاک کوژران."
بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی ئێران لە رووبەڕووبونەوەکەدا دەستیان بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.
تاوەکو ئێستا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هیچ روونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە هێزێکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنرێت و چالاکی و رێکخستنەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان چڕ کردووەتەوە.



