دەزگای مین: ئەم ساڵ نزیکەی 3 ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین پاککراوەتەوە

31-12-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ نزیکەی 3 ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین و پاشماوەکانی جەنگ پاککراونەتەوە. دەشڵێت، "ئەم ساڵ 8 کەس بە مین و تەقەمەنی گیانیان لەدەستداوە".
 
سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ بە هەوڵی زیاتری تیمەکانمان توانیویانە رووبەرێکی زیاتر لە مین پاک بکەنەوە". پار دەزگاکە زیاتر لە 2 ملیۆن مەتر دووجا زەویی لە مین و پاشماوەکانی جەنگ پاککراونەتەوە.
 
ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی قوربانیانی مین و پاشماوەکانی جەنگ کەمبووەتەوە، جەبار مستەفا دەڵێت، "پار 23 کەس بوونە قوربانی".
 
عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێكن لە پەیماننامەی ئۆتاوا، کە تایبەتە بە نەهێشتنی مین. جەبار مستەفا گوتی، "پابەندییەکی هاوبەشی نێودەوڵەتیمان لەسەرە، کە پێویست بوو ساڵی 2018 هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان لە مین پاکبکرێتەوە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و بارودۆخی ئەمنی درێژکرایەوە تاوەکو ساڵی 2028".
 
سەرۆکی دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان گوتی، "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاککردنەوەی هەرێمی کوردستان لە مین و تەقەمەنی، بەڵام عێراق هیچ هاوکارییەکی نەکردووین، هەموو کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە دەزگای مینیشەوە هەبووە".
 
بەگوێرەی ئاماری دەزگای مین، لە ساڵی 1992 تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 580 کەس بەهۆی مین بوونەتە قوربانی، لەوانە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی هەشت هەزار کەسیش کەمئەندام بوون، 36 کارمەندی هەڵگرتنەوەی مین لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و 65یشیان کەمئەندام بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ئاهەنگی سەری ساڵ لە زاخۆ

گەشتوگوزاری زاخۆ: تەنیا لە شەوی سەری ساڵدا زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار هاتوون

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆ دەڵێت، لە 10 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 120 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆیان کردووە، "بەراورد بە سەری ساڵی پار، هاتنی گەشتیاران 20٪ زیادیکردووە."