رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە 23-6-2026، لە ئیدارەی سەربەخۆی
راپەڕین، چوار ئەندامی خێزانێک بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا، رووداوەکە لە
رێگەی سەرەکی نێوان قەزای رانیە بۆ قەڵادزێ، نزیک دەربەندی رانیە روویدا.
بەپێی کامێرای چاودێری لەو ناوچەیە کە دەست
تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ماتۆڕسکیلێکی سێ تایە لەنێو شەقامە خێراکەدا پێچ
دەکاتەوە، ئۆتۆمبێلەکە کە تۆیۆتا کامری بوو هەوڵدەدات خۆی لە ماتۆڕەکە رزگار بکات،
بەڵام کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات و وەردەگەڕێت، بەهۆی سەختی رووداوەکەوە دایک و دوو
منداڵەکەی و مامی منداڵەکان گیانیان لەدەستدا .
ئەبووبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی مدیایی
رووداو لە شوێنی رووداوەکە وردەکارییەکەی لە شایەتحاڵان پرسی، یەکێکیان کە خۆی
رووداوەکەی بینییوە دەڵێت:" ئۆتۆمبێلەکە بۆ ئەوەی لە ماتۆڕەکە نەدات کۆنتڕۆڵی
لەدەستدا و وەرگەرا .''
ئامینە ئەحمەدی تەمەن 30 ساڵان و دووکچەکەی بە
ناوەکانی میلا و دیلا هێمن، کە تەمەنیان سێ و دوو ساڵان بوو، هەریاد سمکۆی 11 ساڵ مامی
منداڵەکان گیانیان لەدەستدا.
حوسێن عەبدوڵڵا دراوسێی قوربانییەکانە، دەڵێت:
" کاک سمکۆ، کوڕ و بووکەکەی میوانی بوون، ویستی بیانباتەوە بۆ ماڵی خۆیان لە
قەڵادزێ، بەڵام تووشی ئەو رووداوە بوو.''
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت شۆفێری ماتۆرسکێلەکە دەستگیرکراوە،
چونکە هۆکاری رووداوەکەیە.
هێمن، باوکی منداڵەکان و هاوژینی ئامینەیە،
تەمەنی 35 ساڵانە، هێشتا شۆکی لەدەستدانی برایەک، هاوژین و منداڵەکانی بەرینەداوە،
خۆی و سمکۆی باوکی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدابوون، بریندارن، خوشکێکی هێمنیش بە هەمان
شێوە بریندارە، هەر سێ بریندارەکە تەندروستیان جێگیرە.


