گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: دیزاینی بەرایی رێگەی گەشەپێدان تەواو بووە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبوونەوەی چوار قۆڵی سەبارەت بە رێگەی گەشەپێدان لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، دیزاینی بەرایی رێگەکە تەواو بووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-10-2024 لە شاری بەغدا کۆبوونەوەی چوار قۆڵی وەزیرانی گواستنەوەی عێراق، قەتەر، ئیمارات و تورکیا سەبارەت بە رێگەی گەشەپێدان بەڕێوەدەچێت.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکان و کارەکانی رێگەی گەشەپێدان تاوتوێ دەکرێن". 
 
بەگوتەی مەیسەم سافی، "پرۆژەکە لە قۆناخی دیزاینە، دیزاینی بەرایی هێڵی ئاسنییەکە 100٪ تەواو بووە، دیزاینی هێڵی وشکانییەکەش گەیشتووەتە 85٪". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق  دەڵێت، ئەم ساڵ قۆناخی دیزاینی بنەڕەتی بەرایی تەواو دەبێت و دەچنە قۆناخی دیزاینی وردەکاری یاخود کۆتایی. دواتر پرۆژەکە دەخرێتە بەردەم کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی کێبڕکێ لەسەر جێبەجێکردنی بکەن.
 
هەر لەو بارەوە، عەبدولرەزاق سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەنجامەکانی لیژنە تەکنیکییەکان و کۆبوونەوە و دیدارەکانی رابردوو، دوای ئەوەی قۆناخی دیزاینی بەرایی هێڵی ئاسنییەکەیان تەواوکردووە، رووپێوی تۆپۆگرافی و پشکنینی خاکەکەیان کردووە. ئێستا وەزارەت وردبینی لە دیزاینەکە دەکات، بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
 
عەبدولرەزاق سەعداوی دەڵێت، هەموو لایەنەکانی نێو لیژنەکە سوورن لەسەر پرۆژەکە، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ پرۆژەکەی عێراق دەربڕیوە کە دەچێتە خزمەتی ناوچەکە و جیهان. پرۆژەکە ئابووریی هەرێمی گەشە پێدەدات، ئەوەش لە رێگەی زیادکردنی بازرگانیی نێودەوڵەتی و کارئاسانی بۆ جووڵەی کاڵاکان.
 
بەگوتەی ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری گواستنەوە، ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەکان لەبارەی سوودی تەکنیکی و ئیدارەی پرۆژەکە تاوتوێ دەکرێت. دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێک بڵاودەکرێتەوە، روونکردنەوە دەدرێت لەبارەی ئەو خاڵانەی کە رێککەوتنیان لەسەر کردووە، لەگەڵ رێکارەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە. 
 
راوێژکارەکەی سوودانی باس لەوەدەکات، دیزاینی بەرایی پرۆژەکە تەواوبووە، ئێستا لە قۆناخی وردبینیی دیزاینەکەن.
 
نوێنەرانی هەر چوار وڵات، بەم دواییانە لە بەسرە کۆبوونەوە، بۆ دانانی بنەما سەرەکییەکانی پرۆژەکە و گەیشتوونەتە رێککەوتنی گرنگ و گەورە لەگەڵ ئەو وڵاتانە، هیوادارن ئەمڕۆ کۆتایی بە دانوستاندنەکان بێت و دەستبکرێت بە پەیکەربەندی پرۆژەکە. 
 
پرۆژەکە بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت؛ لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و لە پێشابوور دەچێتە نێو باکووری کوردستان و تورکیا. 
 
رێگەى گەشەپێدان درێژییەکەى 1200 کیلۆمەتر دەبێت و تێچووی 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
 
کارەکانی پرۆژەکە دابەشکراوە بەسەر 15 بەش و بە سێ قۆناخ تەواو دەبێت؛ بڕیارە قۆناخی یەکەمی ساڵی 2028 تەواو بێت؛ قۆناخی دووەم 2038 و قۆناخی کۆتایی ساڵی 2050.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە