هێشتا ماویەتی؛ ژانی لەدایکبوونی کابینەی 10

01-11-2024
هێڤیدار ئەحمەد
بەرنامەی هێشتا ماویەتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم
بەرنامەی هێشتا ماویەتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردن کۆتاییهات، ئێستا هەموو لایەنێکی سیاسی و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەسیری دەستی پێکهێنانی حکومەتێکن. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ململانێ بێوێنەکەی نێوان پارتی و یەکێتی، پێمان دەڵێن "کابینەی دەیەم بە ئاسانی لەدایک نابێت."
 
لە بەرنامەی ئەمشەوی (هێشتا ماویەتی) سیناریۆ و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە هەرێمی کوردستان، دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024  باس دەکەین. تێیدا وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکی دەدرێتەوە؛ حکومەتی ئەمجارە "چۆن و کەی؟" پێکدەهێنرێت.
 
سیناریۆیەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم  باس دەکەین:
 
دوو جۆر هێز هەن کە بۆ پێکهێنانی حکومەت بەکاردێن:
 
جۆری یەکەم: هێزەکانی (جوگرافیا، سەربازی، ئابووری، ئیدارە، سامانە سرووشتییەکان، پەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتی، پێگەی جەماوەری، ئەندامانی پەرلەمان و میدیا)
 
لە هەرێمی کوردستان دا پارتی و یەکێتی 100٪ ئەم نۆ جۆرە هێزەیان هەیە
 
جۆری دووەم: تاڕادەیەک میدیا و هێزی پەرلەمانییە 
 
نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، بەرەی گەل و هەڵویست، گۆڕان و لایەنەکانی دیکە دەگرێتەوە
 
کێ لەم هێزانە دەبێتە دەسەڵات و کێ ئۆپۆزیسیۆن؟
 
ئەم سیناریۆیانە هەن:
 
1- کێ بتوانێ 50+1 لەنێو پەرلەمان کۆبکاتەوە و حکومەت پێکبهێنێت؛ ئەمە لاوازترینە، بە مردوویی لەدایکدەبێت.
 
2- پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەبێ یەکێتی هەوڵبدات حکومەت پێکبهێنێت؛ ئەم سیناریۆیە رەنگە قورس بێت، حکومەتێک یەکێتی تێیدا نەبێت، ئەگەر پێکیش بهێنرێت سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت، تەنانەت رەنگە سەربکێشێت بۆ هەنگاوی نەخوازراو... ئەمە بۆ یەکێتیش راستە ئەگەر هەنگاوێکی وەها بەبێ پارتی بهاوێژیت.
 
3- پارتی و یەکێتی لەگەڵ پێکهاتەکان؛ پارتی، هەمیشە حکومەتێک بەتەنیا لەگەڵ یەکێتی و پێکهاتەکان پێکناهێنت، بەڵکو دەبێت شەریکێکی دیکە هەبێت، رەنگە پارتی بیەوێ بڕیارێک بدات، یەکێتی قبووڵی نەکات، یان پێچەوانەکەی، بەمەش سەقامگیریی نێو کابینە نامینێت، بۆیە هەمیشە لایەنی سێیەم بەشدار بووە، پارتی و یەکێتی لەگەڵ پێکهاتەکان بەتەنیا ئەستەمە حکومەت پێکبهێنن.
 
کشانەوەی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان وەک نیشاندانی ناڕەزایەتی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن .
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێش پارتی و یەکێتی کەوت بۆ بەشدار نەبوون لە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی راگەیاند.
 
بەم دوو هەنگاوەی کۆمەڵ و یەکگرتوو، هەنگاوەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت قورس دەبن، جگە لە یەکێتی و پێکهاتەکان، بژاردەی زیاتری لەبەردەست نەماوە.
بژاردەکانی بەردەم پارتی بۆ شەریکی زیاتری نێو حکومەت، خۆی لە دوو کورسیی بەرەی گەل، کورسییەکی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەبینێتەوە.
 
رەنگە یەکێک لە مەرجەکانی یەکێتی بۆ پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت، بەقەتعی نابێت بەرەی گەل بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی بەشداربێت لەو حکومەتەدا.
هەریەک لە نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رەوتی هەڵویست و بەرەی گەل و بزووتنەوەی گۆڕان لە ئوپۆزیسۆن دەمێنن، کە نزیکەی 30٪ـی هێزی پەرلەمان پێکدەهێنن.
 
تەحەدییەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان:
 
یەکەم: ناسەقامگیریی زۆر لەنێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دۆسییەکانی؛ پێگەی دەسەڵات، دارایی و ئیداری و مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، لە کابینەی نۆیەمدا هەبوو.
دووەم: یەکێتی بە ئاشکرا باسی مسۆگەرکردنی پێگەی خۆی دەکات لە کابینەی دەیەمدا.
سێیەم: کێ لە یەکێتی دەبێتە جێگری سەرۆکی حکومەت؟ پارتی بە هەموو کەس رازی نابێت!
چوارەم: کارنامەی حکومەت و پێدانی دەسەڵات بە جێگری سەرۆکی حکومەت. 
پێنجەم: کاری پەرلەمانی، پارتی داوای گەرەنتی لە یەکێتی دەکات، "بە رۆژ لە حکومەت و بە شەو ئۆپۆزیسیۆن نەبێت."
شەشەم: وەزارەتە سیادییەکان؛ ناوخۆ، دارایی، سامانەسرووشتییەکان و پێشمەرگە، هەروەها وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و تەندروستی جێگەی مشتومڕ دەبن کە چۆن دابەشدەکرێن؟
حەوتەم: دۆسیەی ئەمنی وەک پێشمەرگە، هێزی ئاسایش و دژەتیرۆر و هێزەکانی دیکە.
هەشتەم: دۆسیەی کەرکووک و پەیوەندییەکانی بەغدا و پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق، کە بڕیارە لە مانگی 10ـی 2025 هەڵبژاردنی عێراق بکرێت، یەکێتی داوای پاڵپشتیی پارتی دەکات بو پارێزگاری کەرکووک.
نۆیەم: دۆسیەی دەرەوە، یەکێتی بەردەوام گلەیی هەیە کە ئەو دۆسیەیە بەتەواوەتی لە دەست پارتی دایە و ئاگاداری بەشێک لە دۆسییەکان نییە.
دەیەم: دۆسیەی دادگە، دیموکراسی، ئازادی، مافی ئافرەت و پێکهاتەکان.
 
پێکهێنانی حکومەتی ئەمجارە لە هەرێمی کوردستان، بڕیارەکانی تەنیا لە هەولێر یان سلێمانی نابن، رەنگە وەک پاڵپشتییەک بۆ یەکێتی؛ ئەمە زانیاریی وردە لە یەکێتییەوە بۆ بەرنامەی هێشتا ماویەتی 'یەکێتی لە بەغداوە هەندێ کارت بەکاربهێنێت بۆ ناچارکردن یان قبووڵکردنی پارتی بە داواکانییان.' 
 
یەک: راگرتنی کارەکانی حکومەتی کاربەرێکەر وەک پڕۆژە، گرێبەست، دامەزراندن تاوەکو حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت، حکومەت تەنیا دەسەڵاتی دابەشکردنی مووچەی هەبێت.
 
دوو: یەکێتی لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و فرۆشتنی؛ لەرێگەی دادگەی فیدڕالەوە موخاتەبەی پارتی دەکات
سێ: دۆسیەی گاز لەگەڵ پارتی، تووندترین مەلەف دەبێت.
 
هەرکاتێ پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی ئاڵۆزی تێبکەوێت، کاتێ باسی دەسەڵات بکرێت، زۆر بە راشکاوانە ئەو قسەیە دەگوترێت 'هیچ کام لەم دوو لایەنە دەسەڵاتیان بەسەر ئەوبەری دێگەڵەدا نییە.'
 
لە دێگەڵە کە 34 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ناوەندی شاری هەولێر، خەڵکی ئەوێ دەڵێن 'ئێرە بووەتە دیواری بەرلین.'
 
گرد و بەردە رەنگکراوەکانی دێگەڵە، بیرەوەرییەکی ناخۆشیان لە مێژووی تازەی کوردستان دا لای تاکی کورد دروست کردووە، ئەم بەردانە دیواری بەرلین نین، بەڵام پێدەچێت زۆر لەوە قایمتر بن. ئەو وڵاتانەی بە دۆخی جەنگدا تێپەڕیون دوای ئەوە ئاشتییەکی گشتگیری بنەڕەتی بەرپا دەکەن، بەڵام ئەم بەردانە بوونەتە هێمایەکی روون لە هەبوونی دوو جوگرافیا لەیەک هەرێمدا، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا مرۆڤ، خاک و شارەکانی ئەم هەرێمە بوونەتە دوو لەت، بە هیچ رێککەوتنێک و برایەتییەک ئەم هەرێمە نەبووەتە یەک. چیرۆکی بەشبوونی جوگرافیای هەرێمی کوردستان هێشتا ماویەتی. 
 
40٪ـی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان لە سلێمانی دەکرێت. دەنگی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەرامبەر هاوبەشە ستراتیژییەکەی کە  تووندبوو، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن رەنگە وا بکات یەکێتی بە هەمان نەفەسی بانگەشە، قسە لەگەڵ پارتی نەکات.
 
یەکێتی چاویان لەوە بوو بەو تووندییەی بانگەشەکەی 27 کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، کەچی خەڵک قسەیەکی دیکەی کرد و یەکێتی 23 کورسیی بەدەستهێنا. 
 
لەم شارە هەرکەسێ بدوێنی باسی سیاسەتت بۆ دەکات. لە هەر مەجلیسێک دابنیشی دەڵێن کاتی گۆڕانکارییە، دەمانەوێ یەکێتییەکی بەهێزتر لە دەسەڵات ببینین.
 
بو ئەوەی بزانین دیدگەی پارتی چییە بو پێكهێنانی حکومەت، دەبێ سلێمانی بەجێبهێڵین بەرەو سنووری قەڵەمڕەوی پارتی لە هەرێمی کوردستان و بۆ پارێزگای دهۆک، کە قەڵا و خاڵی بەهێزی پارتییە. خەڵکی دهۆک دەڵێن قوربانییەکی زۆرمان داوە بۆ مانەوە و بەهێزیی پارتی لە کوردستان. 
 
دهۆک و بادینان، هێزی گەورەی پارتین و بگرە دەڵێن بڕبڕەی پشتی پارتین، داواکارییان ئەوەیە حیزبەکەیان هێز و داینامۆی ئاشتی بێت. کە لە خەڵکی دهۆک دەپرسی، ئەوان لایەنگیریی خۆیان بۆ پارتی دەردەبڕن، بەڵام نایشارنەوە چەند لەگەڵ بەهێزبوونی پارتین، ئەوەندەش لەگەڵ پێکەوەیین. 
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتە، پرسیاری لێ دەکەین، حکومەتێک بەبێ یەکێتی پێکدەهێنێت؟ دروستتر بڵێم مەبەستم بوو بزانم پارتی چۆن بیردەکاتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
د. عومەر نورەدین دەستی هەیە لە داڕشتنەوەی بەشێک لە سیاسەتی پارتی، باشتر ئاگادارە کە پارتی بە نیازی چییە و ئێستا چۆن بیردەکاتەوە، ئەو هەموو دیدگای پارتی لە بەرنامەی 'هێشتا ماویەتی'ـی رووداو باس دەکات.
 
عومەر نورەدینی دەڵێ "حکومەتێک بەبێ پارتی پێکناهێنرێت. بەبێ یەکێتیش پێکنەهێنرێت باشە، بەڵام بژاردەی ئەوە هەیە بە بێ یەکێتی پێکبهێنرێت."
 
لە وەڵامی پرسیاری "ئەگەر حکومەت بەبێ یەکێتی پێکبهێنرێت، هەرێمی کوردستان چی لێدێت لە رووی سەقامگیرییەوە؟" عومەر نورەدینی دەڵێ "یەکێتی دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆن؟ گومانم هەیە. ئایا دەتوانێ ببێتە ئۆپۆزیسیۆن و لەهەمان کاتدا تووند دەست بە جومگەکانی دەسەڵات و ئیدارە و هێزی پێشمەرگەوە بگرێ، ئەمە سەختە، بۆیە پارادۆکسێک دێتە ئاراوە و لێکەوتەی خراپی دەبێت، بۆیە هەڕەشەی وجودی لەسەر هەرێمی کوردستان لەئارادایە، کە گەرەنتی سیادی و نێودەوڵەتیش نەبێت، بەدیلی ئەوە یەکگرتوویی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتییە."
 
زیاتر دەڵێ ئەو بەدیلە ئەوەیە "دەکرێ بڵێین رێککەوتنی ناچاری و رێککەوتنی ستراتیژیی نوێ لەنێوان پارتی و یەکێتی بێتە ئاراوە؛ ئەمە مەحاڵ نییە، مێژوو پێمان دەڵێت کراوە و دەکرێت. پێکهێنانی کابینەی نوێ، لایەنی نێودەوڵەتی و هەرێمیش قسەی تێیدا دەبێت، تەنیا ئەرکێکی ناوخۆی نابێت و رەنگە درێژەبکێشێت."
 
لەم گفتوگۆیانەدا دەردەکەوێت؛ پارتی و یەکێتی هەر پێکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، بەڵام زۆر یەکدی ئازار دەدەن تاوەکو دەگەنە رێککەوتن. قوناخەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەم شێوەیە دەبێت؛ کە ئەزموونی رابردوو پێمان دەڵێت؛ تووند دەبێت، قوفڵ دەبێت، قسەی خێر دەکرێت و دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، نەرمتر قسە دەکەن و ئیدی کابینەی دەیەم لەدایکدەبێیت.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە