کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: بانگەشەی پێشوەختە سزای دارایی و یاسایی هەیە

31-08-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەشێکی بەربژێرانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و لێدوانەکانیاندا جۆرێک لە بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لیژنەی تایبەت پێکهێنراوە و چەند سزایەک بۆ سەرپێچیکاران ئامادەکراون.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە گوێرەی ئەو یاسا تایبەتەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دانراوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی بۆ سەرپێچیکارانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن پێکهێناوە". 
 
جومانە غەلای گوتیشی، "هەر بەربژێر و لایەنێکی بەشدار لە هەڵبژاردن پێش وادەی دیاریکراو بانگەشە بکات، سزاکەی بە پێبژاردنی دارایی دەستپێدەکات و تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی بەربژێربوونی کەسەکە یانیش بێبەشکردنی حیزب و هاوپەیمانیی سەرپێچیکار لە هەڵبژاردن دەڕوات؛ سزاکانیش لیژنە تایبەتەکەی کۆمیسیۆن بە گوێرەی شێوازی سەرپێچییەکە بڕیاری لەسەر دەدات."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''رێگە بە کەس نادرێت بانگەشە بکات؛ دوای پەسندکردنی ناوی بەربژێرەکان و لە کاتی یاسایی خۆیدا بانگەشە رێگەی پێدەدرێت."
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان 190 بەربژێری هەیە؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 172 بەربژێر، بەرەی گەل 121 بەربژێر، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێر، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 71 بەربژێر و  رەوتی هەڵوێست 74 بەربژێریان دەبێت.
 
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ سلێمانی 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە 3 کورسی دیاریکراون. لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانی دوو کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراون؛ لە دهۆک کورسییەک بۆ کۆتای ئەرمەن تەرخان کراوە.
 
رۆژی 20-10-2024 بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە