رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هیچ رێنماییەکیان تایبەت بە راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمێکی دیاریکراو لە ئێرانەوە بۆ نەچووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هاوردەکردنی خۆراک و شیرەمەنی بەردەوام دەبێت، بەو مەرجەی کۆمپانیای هاوردەکار لە لیستی رەشی ئەمریکادا نەبێ.
رۆژی دووشەممە 254-8-2026 وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەستپێکردنی هەڵمەتێکی ئابووریی بێپێشینەی بۆ سەر هەموو پەیوەندییە داراییەکانی ئێران لە سەرتاسەری جیهان راگەیاند.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەبارەت بە کاریگەریی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و ئێران، هێشتا بڕیارەکان نوێن و نەچوونەتە واری جێبەجێکردنەوە، بۆیە دەبێت چاوەڕێی رۆژانی ئاییندە بین تاوەکو کاریگەرییە راستەقینەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان دەربکەون."
سەبارەت بە هاوردەکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "بەپێی یاساکانی ئەمریکا، سزاکان بەرهەمەکانی خۆراک، دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان ناگرێتەوە، بۆیە هاوردەکردنی خۆراک، شیرەمەنی و سەوزە بەردەوام دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی ئەو کۆمپانیایانەی کارەکە دەکەن، لە لیستی رەشی ئەمریکادا نەبن."
نەوزاد شێخ کامیل گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ رێنماییەک بۆ ئەوان نەچووە کە داوای راگرتنی بەرهەمێکی دیاریکراو بکات؛ گوتیشی: "هەر کاتێک رێنمایی نوێمان پێ بگات، لە رێگەی میدیاکانەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان و بازرگانان ئاگادار دەکەینەوە."
رۆژی 24ی ئابی 2026، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن دی سی رایگەیاند، لەمڕۆوە وەزارەتەکەی و ئاژانسەکانی دیکەی ئەمریکا "پەتەکە لە ملی رژێمی ئێران تووندتر دەکەن"؛ گوتیشی: "ئێمە پەیڕەوی لە ستراتیژیی سفر دزەکردن دەکەین. کەمترین دەرفەتێکی هەناسەدان بۆ رژێمەکە نامێنێتەوە تاوەکو تواناکانی خۆی بۆ تیرۆر دژی ئەمریکا و جیهان بنیات بنێتەوە."
لە چوارچێوەی سزاکاندا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێنج سێکتەری یەکجار گرنگی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کە تاران لە وڵاتانی دیکەدا سوودیان لێ دەبینێت، ئەوانیش سەرمایە دیجیتاڵییەکان، تەکنەلۆژیا، زێڕ، فڕۆکەوانی و کەشتیوانی.
بێسێنت هۆشداری دا کە هەر کەسێک "گەوجانە بەردەوام بێت لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئەم رژێمە، رووبەڕووی سزای ناڕاستەوخۆ دەبێتەوە و خێرایی راونانیان لەلایەن ئەمریکاوە زیاتر دەبێت".




