رووداو دیجیتاڵ
لە باتیفا ماوەیەکە باس لە هەڵگرتنی گۆڕستانێک و گواستنەوەی دەکرێت بۆ شوێنێکی دیکە بەمەبەستی دروستکردنی رێگەیەک، بەڵام ئەوە ناڕەزایی بەشێک لە خەڵکی شارۆچکەکەی لێکەوتووتەوە و دەڵێن، قبووڵی ناکەن. قایمقامی باتیفا دەڵێت، جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکە کراوەتەوە.
پەروین سالم، پێش ساڵێک خەسووی کۆچی دواییکردووە و چووەتە سەر گۆڕی، دەڵێت، دڵگرانە لەو بڕیارە و بەهیچ شێوەیەک رازی نابن. گوتیشی، کەسوکارەکەی بەوە رازی نین گۆڕستانەکە بگوازرێتەوە، چونکە رۆژانە لەسەر گۆڕستانن، بەتایبەت هاوژینەکە بەهیچ شێوەیەک رازی نابێت.
هەڵگرتنی گۆڕستانەکە مەبەست لێی دروستکردنی رێگەیەکی دووسایدە لە باتیفا، ژمارەیەک خانووش بەر پڕۆژەکە دەکەون و خاوەنەکانیان داوای قەرەبووکردنەوە دەکەن.
غازی عومەر، موختاری باتیفا بە رووداوی گوت، "وەکو ئەوەی ئێمە ئاگاداربین، گوتیان گۆڕستانەکە هەڵناگیرێت، بەڵکو خانووەکان هەڵدەگیرێن و قەرەبوو دەکرێنەوە، هیوادارین ئەوە بە دڵی خاوەن خانووەکان بێت."
بڕیارە رێگەکە بە دوو قۆناخ دروستبکرێت، قۆناخی یەکەم دوو کیلۆمەترە و نیوە. باتیفا لە 26-09-2021، بووە قەزا. 38 هەزار کەس دانیشتووی قەزاکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێگەیەکی دووسایدی تێدا نییە. قایمقامی باتیفا دەڵێت، دەیانەوێت ئەو رێگەیە دروستبکرێت و قەرەبووکردنەوەی ئەو خانووانەش تەواوبووە.
فەرهاد مەحموود، قایمقامی باتیفا گوتی، "دوای ئەوەی بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکە کرا، دەرکەوت بەشێک لە گۆڕستانی سەنتەری قەزای باتیفای بەردەکەوێت کە ناڕەزایی بەشێک لە خەڵکی لێکەوتەوە و مافی خۆیانە، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە گۆڕانکاری تێدا بکەین، ئێستا چەند خانوویەک بەر پڕۆژەکە دەکەون و ئەوانیش قەرەبوو دەکرێنەوە. ئەمڕۆ لیژنەکانمان سەردانی شوێنەکەیان کردووە و لەم چەند رۆژەدا قەرەبوو دەکرێنەوە."
تێچووی پڕۆژەکە سێ ملیار و 425 ملیۆن دینارە و 14 دووکان و 38 خانوو بەر پڕۆژەکە دەکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ