رووداو دیجیتاڵ
شاکر توران، ئەو زیندانییەی لە گرتووخانەی جۆری (L)ی پارێزگای ئەرزینجانی باکووری کوردستان دەستبەسەر بوو و هاوکات تووشی شێرپەنجە ببوو، رۆژی چوارشەممە 31-08-2023 لە تەمەنی 70 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
دوای ئەوەی تووشی شێرپەنجە بوو و نەخۆشییەکە بە تەواوی پەکیخست، لەڕێی پارێزەرەکەیەوە داواکاری بۆ ئازادکردنی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەکە کرا، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانە رەتیکردەوە ئازادی بکات. شاکر توران، کە تووشی شێرپەنجەی سورێنچک ببوو، لە ماوەی چوار مانگدا 23 کیلۆ لە کێشی کەمبووەوە. ئەو بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە درابووە دادگە و بە شەش ساڵ زیندانی سزادرا.
شاکر توران دوای ئەوەی دۆخی تەندروستیی بە تەواوی تێکچوو، دوو مانگ لەمەوپێش گواسترایەوە نەخۆشخانەی مەنگوجەک لە پارێزگای ئەرزینجان. کوڕەکەی، عەبدولڕەحمان توران کە قسەی بۆ میدیای تورکیا کردووە باس لەوە دەکات لە رۆژی 25ی ئابدا بۆ دیداری باوکی سەردانی نەخۆشخانەی کردووە، بەڵام رێگەیان نەداوە بیبینێت. دواتر بە هەوڵی پارێزەران توانیویەتی رۆژی 28ی ئاب بیبینێت. کوڕەکەی دەڵێت، "کاتێک یەکەمجار دەستگیرکرا و خرایە زیندانەوە کێشی 75 کیلۆ بوو، بەڵام ئەو کاتەی من سەردانیم کرد لە نەخۆشخانە کێشی بۆ 40 کیلۆ دابەزیبوو. نەیدەتوانی بڕوات و بە زۆر قسەی دەکرد. نەیدەتوانی پێویستییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. کاتێکیش داوام کرد وەکو هاوڕێ لەلای بمێنینەوە، رێگەیان نەدا."
کوڕەکەی: باوکم لە دوایین پەیامدا گوتی سەربەرزم و پاشەکشەم نەکرد
سەبارەت بە دۆخی باوکی، عەبدولڕەحمان باسی لەوە کرد، باوکی لە نهۆمی خوارەوەی نەخۆشخانەکە دانرابوو کە شوێنێکی زۆر نەگونجاو بوو. گوتیشی، "باوکم بە زۆر قسەی بۆ دەکرا. پێیەکانی وەکو شەختە وابوون، کاتێک ویستم گۆرەوی بکەمە پێی، جەندرمەکان رێگەیان نەدا. باوکم ئەوکات یەکە یەکە ماڵئاوایی لێکردین. لە دوایین پەیامی ژیانیدا بۆمان گوتی؛ ئاگاداری خۆتان بن، یەکگرتوو بن، من سەربەرزم، پاشەکشەم نەکرد."
عەبدولڕەحمان هەروەها باسی لەوە کرد رۆژی 7ی ئاب لەڕێی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ باوکی کردووە. بەگوێرەی قسەی کوڕەکەی لەوکاتەشدا باوکی بە زۆر قسەی کردووە و گوتوویەتی، کە لەگەڵ قسەکردن خوێن لە دەمی دێت.
شاکر توران، کە خانەوادەکەی لە ئەنتاڵیا دەژین و سێ کوڕی هەیە، پێشتر داوایکردووە بیگوازنەوە بۆ گرتووخانەی ئەنتاڵیا، بۆئەوەی ئەندامانی بنەماڵەکەی بە ئاسانی بتوانن سەردانی بکەن، بەڵام داواکەی رەتکراوەتەوە.
مەرال دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز - یەسەپە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی، "شاکر توران کە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی رێکخراو بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادرابوو، لە ماوەی چوار مانگدا 23 کیلۆ لە کێشی لەشی کەمبووەوە بەڵام ئازاد نەکرا. با هیچ کەسێک بوێریی ئەوە نەداتە خۆی و بڵێت مردنی شاکر توران قەزا و قەدەرە."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی داد کە رۆژی 01-01-2023 وەرگیراوە، 399 گرتووخانە لە باکووری کوردستان و تورکیا هەن. بە گشتی 341 هەزار و 497 کەس لە گرتووخانەکاندان؛ 298 هەزار و 975 کەسیان حوکم دراون و 42 هەزار و 522 کەسیشیان دەستبەسەرن.
هەروەها بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمار و ئاماری وەزارەتی دادی تورکیا، ساڵی 2021 ژمارەی حوکمدراوان ساڵانە لە زیادبووندایە.



