رووداو - دیجیتاڵ
برا گەورەکەی محەممەد، لە رۆژی رووداوەکەوە چاوی لە ئاوەکەیە و ناتوانێت شوێنەکە جێبهێڵێت. عەبدولڕەحمان ئەمین، برای محەممەد، دوایین پەیوەندیی تەلەفونیی براکەی بیرە و بە رووداوی راگەیاند: "سەعات 12 بۆ 12:30ـی شەو بوو تەلەفۆنی بۆ کردم، زۆر کەیفخۆش بوو، گوتی سبەی دەچمە سەیران."
دوایین ڤیدیۆ و بێخەویی شەوی سەیران محەممەد لەگەڵ 16 لە هاوکارەکانی کۆمپانیایەکی گواستنەوە، رۆژی هەینی روویان لە شێڵادزێ کردبوو. هەڵکەوت سلێمان، هاوڕێ و هاوکاری محەممەد، باس لەوە دەکات کە محەممەد زۆر بە پەرۆش بووە بۆ ئەو گەشتە و دەڵێت: "تاوەکو کاژیر پێنجی بەیانی نەخەوتبوو، دوای ئەوە تەنیا نیو کاژێر نوست و خەبەرمان کردەوە تاوەکو بڕۆین بۆ سەیرانەکە." ئەوان پێکەوە دوایین تێشتیان خوارد و دواتر محەممەد بۆ مەلەکردن چووە ناو ئاوەکە و نەگەڕایەوە.
تیمەکانی گەڕان و ئاستەنگیی لێڵیی ئاو رۆژانە چوار بۆ پێنج تیمی مەوان بە درێژایی 10 کیلۆمەتر لەنێو ئاوەکەدا بەدوای تەرمی محەممەددا دەگەڕێن، خەڵکی ناوچەکەش بە هەموو توانایەکیانەوە هاوکاری تیمەکان دەکەن.
رۆژهات حاجی، بەرپرسی بنکەی مەوانانی شێڵادزێ، باس لە سەختیی پرۆسەکە دەکات و دەڵێت: "ئاوەکە زۆر لێڵە، کاتێک مەوان دەچێتە بن ئاو، تەنیا بەردەم سینگی خۆی دەبینێت؛ مەگەر بە رێکەوت دەستی بەر تەرمەکە بکەوێت، ئەگینا بینین زۆر ئەستەمە."
ئامار و زانیارییەکان:
- قوربانی: محەممەد ئەمین (27 ساڵ).
- شوێن: رووباری "رووی شین" - شێڵادزێ.
- باری خێزانی: بژێوێنی دایک و سێ خوشک بووە (باوکی لە 2015 کۆچی دوایی کردووە).
- ماوەی گەڕان: پێنج رۆژە بەردەوامە.
- مەودای گەڕان: 10 کیلۆمەتر لەلایەن تیمەکانەوە پشکێنراوە.
ئەمە دووەمین حاڵەتی خنکانە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا لە رووباری "رووی شین" تۆمار بکرێت. سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان، بەڵام ساڵانە لە وەرزی هاویندا ئەم رووبارە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین گەنج کە بە مەبەستی گەشت و مەلەکردن رووی تێدەکەن.


