رووداو - دیجیتاڵ دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێک بایکۆتکردن، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گەڕایەوە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. گەڕانەوەی پارتی بەبێ مەرج و لەسەر داوای لایەنەکانی دیکە بووە؛ یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش پێشوازی لەم هەنگاوە دەکات و دەڵێت "هێزی کورد لە یەکگرتووییدایە". دوای 59 رۆژ لە پەککەوتنی، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. شۆخان حەسیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا، سەبارەت بە بڕیاری گەڕانەوەیان بە رووداوی راگەیاند: "وەکو بەشێک لە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی کەرکووک، بڕیاری گەڕانەوەمان دا. ئێمە هێزێکی سیاسیی بەرپرسیارین و دەمانەوێت لە ناو جەرگەی رووداوەکاندا بین بۆ خزمەتکردنی شارەکە." فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا دڵخۆشیی خۆیان بە کۆتاییهاتنی بایکۆتی پارتی دەربڕی. پەروین فاتیح، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: "هێزی ئێمە لە یەکگرتندایە. وەک نەتەوەی کورد دڵخۆشم کە خوشکێکی دیکەم بە جلی کوردییەوە لەگەڵم بەشدارە و ئەمە خۆی لە خۆیدا داستانێکە. ئومێد دەکەم لە قۆناغەکانی داهاتوودا کاری باشتر بکەین و تەنانەت هاوپەیمانییش دروست بکەین." هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەبوڵڵا میروەیس، ئەندامێکی دیکەی فراکسیۆنی یەکێتی جەختی کردەوە کە کورد لە کەرکووک کێشەی زۆری هەیە و پێویستی بە یەکدەنگییە، "ئەگەر هەموومان پێکەوە بین، بێگومان بەهێزتر دەبین." تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە و داهاتووی ئەنجوومەن لە یەکەم کۆبوونەوەدا دوای گەڕانەوەی پارتی، ئەنجوومەنەکە تاوتوێی چەند پرسێکی هەستیاری کرد، لەوانە: - کێشەی کەمبوونی بەنزین و کارەبای نیشتمانی. - پرسی دامەزراندن لە فەرمانگەکان. - ماستەرپلانی داهاتووی شاری کەرکووک. بە گەڕانەوەی فراکسیۆنی پارتی و نەمانی بایکۆت، رێژەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئاسانی تەواو دەبێت. بڕیاریش دراوە لەمەودوا ئەنجوومەنەکە هەموو هەفتەیەک بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی هاونیشتمانییان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات.