پۆلیسی هەولێر: 'عەنتەر'ـمان دەستگیر کرد

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە ناوی لەخۆی ناوە عەنتەر، جگە لە بریندارکردنی هاووڵاتییەک، هەڕەشەی لە چەندین کەس کردووە و بە چەکەوە لە سۆشیاڵ میدیاش خۆی نمایش کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ (چوارشەممە، 31-7-2024) لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند، دەڵێ کەسەکە "عەرەبە و لەدایکبووی 1992ـە، ناوی (ئ. خ. ج.)ـە، بەڵام ناوی لە خۆی ناوە (عەنتەر)."
 
بەپێی پۆلیسی هەولێر؛ ئەو تۆمەتبارە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییەکی ئاوارەی عەرەبی بریندارکردووە کە دانیشتووی کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە بووە لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەروەها هەڕەشەی لە چەندین ماڵیش کردبوو، جگە لەوەش بە چەقۆ لە دادخوازی دابوو."
 
تۆمەتبارەکە "دوای ئەنجامدانی تاوانەکان" بەرەو موسڵ هەڵاتووە، پۆلیس دەڵێ "لەوێش رۆژانە لەڕێگەی سۆشیاڵ مدیا بە چەکەوە خۆی نمایش دەکرد و هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و پاش کۆکردنەوەی زانیاری، توانرا دەستگیر بکرێت."
 
تۆمەتبارەکە دانی ناوە ''بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە و ئامادەی پێش دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە"، ئەمە بەپێی پۆلیسی هەولێر کە دەشڵێ "دادوەر بڕیاری دا بە راگرتنی تۆمەتباری ناوبراو بەپێی ماددەی 405 بڕگەی 31 لە یاسای سزادان."
 
پۆلیسی هەولێر زانیاریی زیاتریشی داوە و دەڵێ تۆمەتبارەکە هەڕەشەی لە زیاتر لە 15 ماڵی عەرەبی ئاوارە کردبوو لە کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە، دوای دەستگیرکردنیشی، سەرجەم ماڵەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە