رووداو دیجیتاڵ
مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی 48 ساڵەی یادی دامەزراندنی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەبێ یەکێتی، هیچ پر‌ۆسه‌یه‌ك له عێراق و له كوردستانیش سه‌رناگرێت."
لە بەشێکی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە: "ویستی خه‌باتگێڕ‌یی یه‌كێتی و كوردایه‌تی، بناخه‌ی پته‌وی نه‌خشه‌ڕ‌ێی ده‌ستووری بۆ ناوچه دابڕ‌اوه‌كان، بۆ ته‌وافووق و هاوسه‌نگی له وڵاتی فیدراڵی دانا، به‌جۆرێك سه‌ره‌ڕ‌ای پاشه‌كشێی چه‌ند ساڵی رابردوو و هه‌وڵی گه‌مارۆی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كه‌مان، سه‌ره‌ڕ‌ای هه‌وڵی تێكدانی پره‌نسیبی ته‌وافووق و شه‌راكه‌ت، هێشتا رۆڵی یه‌كێتی له پرۆسه‌ی سیاسیی وڵات و ناوه‌ندی بڕ‌یار له به‌غدا، رۆڵێكی گه‌وره و سه‌نگینه، هێشتا بێ به‌شداریی كارا و راوێژی یه‌كێتی، هیچ پڕ‌ۆسه‌یه‌ك له عێراق و له كوردستانیشدا سه‌رناگرێت".
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەگەڵ پارتی دوو حیزبی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەتن، ئێستا لەسەر چەندین بابەت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا کێشەیان هەیە. ناکۆکییان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی 22-5-2023 لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن گەیشتە رادەیەک کە پەرلەمانتارانی هەردوو حیزب بوو بە شەڕیان، بەهۆی ئەوەی یەکێتی رێگەی نەدا دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، بەڵام پارتی بەردەوامیی پێدا و رایگەیاند: بە دەنگی 58 پەرلەمانتار، کۆمیسیۆن کاراکرایەوە.
لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی ئەوکاتە گوتی، "شەڕ روویداوە نەک پرۆسەی دەنگدان، لام سەیرە کە دەڵێن بە دەنگی ئەوەندە پەرلەمانتار کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، کۆمیسیۆن پرسێکی نیشتمانییە پەیوەستە بە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی ئەمڕۆ شەڕ بووە و ڤیدیۆ و راستییەکان دیارن و دەبوایە بە هیچ شێوەیەک ئەم کارە نایاساییە نەکرابایە".
یەکێتی لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت: "یەکێتی بە گرنگییەوە لە پرسی یەکڕیزی و هەڵبژاردنی ئازاد و پاک و بێگەرد کە نوێنەرایەتی میللەتەکەمان بە نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی پێکهاتەکانیشەوە دەڕوانێ و کاری بۆ دەکات."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتێکی سیاسییە لە باشووری کوردستان و شوێنگەی سەرەکیی دەکەوێتە شاری سلێمانی، ئەندامە لە رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالی جیھانیی و لە 1ی حوزەیرانی ساڵی 1975 دامەزراوە. یەکێتی بانگەشەی وایە: کار بۆ مافی چارەی خۆنووسین، مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکات، سەرەڕای ئاشتی و ئارامی بۆ کورد لە عێراقدا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای پارتی دیموکراتی کوردستان دووەم گەورەترین حیزبە کە لە پەرلەمانی کوردستاندا لەکۆی 111 کورسی، خاوەنی 21 کورسییە، لەپێش ئەوەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە کە 45 کورسی هەیە و گۆڕانیش لە پلەی سێیەمە بە 12 کورسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ