رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین راپۆرتی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان، ئێستا 569 هەزار و 310 ئاوارەی عێراق لە هەرێمی کوردستانن کە لە 114 هەزار و 690 خێزان پێکدێن. زۆربەشیان لە دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و داتاکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە.
داتاکان دەریدەخەن، 471,880 ئاوارە (94,376 خێزان) کە دەکاتە نزیکەی 83%ـی کۆی ئاوارەکان، لە دەرەوەی کەمپەکان و لە نێو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین.
لە بەرامبەردا، 97,430 ئاوارە (20,314 خێزان) کە دەکاتە نزیکەی 17%ـی کۆی ئاوارەکان، لەنێو 18 کەمپی تایبەت بە ئاوارەکاندان.
پارێزگای دهۆک زۆرترین ژمارەی ئاوارەی لەخۆگرتووە کە 286,313 ئاوارەن (50%ـی کۆی ئاوارەکان)، دوای ئەو پارێزگای هەولێر دێت بە 187,427 ئاوارە (33%ـی کۆی ئاوارەکان). لە پارێزگای سلێمانیش 95,570 ئاوارە (17%ـی کۆی ئاوارەکان) نیشتەجێن.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی هیچ کەمپێکی ئاوارە نییە و سەرجەم ئاوارەکانی ئەو پارێزگایە لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
راپۆرتەکەی JCCC ئاشکرای دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران، ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 850 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی هەیە. تێچووی خزمەتگوزارییەکان بە رۆژانە زیاتر لە 2.3 ملیۆن دۆلار و بە مانگانەش نزیکەی 71 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لە سەرژمێریدا ئاوارەکان چۆن هەژمار کراون؟
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوایین سەرژمێریی ساڵی 2024دا، کێشەی گەورە و بنەڕەتیی ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەوە بوو کە ئاخۆ ئاوارەکانی عێراق و ناوچە کێشەلەسەرەکان لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێن یاخود لەسەر پارێزگاکانی خۆیان. پێش پڕۆسەکە لەگەڵ عێراق کۆبووینەوە و گەیشتینە رێککەوتنێکی حەوت خاڵی کە یەکێک لە خاڵەکانی ئەوە بوو ئاوارەکان لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێن، چونکە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان، ئاسایش، ژیان و خەرجییەکانیان لەسەر ئەستۆی هەرێمی کوردستانە."
بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەو ناوچانەی کە بە ناوچەی هاوبەش دادەنرێن و لەژێر دەسەڵاتی کارگێڕیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان، ئەنجامی سەرژمێرییەکەیان بخرایەتە سەر هەرێمی کوردستان؛ کە قەزای شێخان و ناحیەکانی (فایدە، گوێر، دیبەگە، مەلاقەرە، کۆکس و نەوجوول) دەگرێتەوە، بەڵام ئەوە نەکرا.
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی عێراق، مەحموود عوسمان ئاماژەی بەوە کرد: "بەداخەوە دوای سەرژمێری ئەوان سەرپێچیی ئەو خاڵەیان کرد و دەستکاریی بڕگەکانیان کرد؛ هەموو ئاوارەکانی عێراق، ناوچە کێشەلەسەرەکان و مادەی 140، تەنانەت گەشتیارانی عێراقی و ئەوانەشی بۆ کار و خوێندن هاتبوونە هەرێمی کوردستان، هەموویانی لەسەر پارێزگاکانی عێراق هەژمار کرد و بەمەش ژمارەی دانیشتووانی کوردستانیان کەم کردەوە، لە کاتێکدا هەموو باری خزمەتگوزارییان لەسەر کوردستانە و ئەم بڕیارەش بودجەی هەرێم و پێداویستییەکانی کەم دەکاتەوە."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، پێویست بوو ئەو هاووڵاتییانە لەسەر ناوچەکانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان هەژمار بکرابان و گوتیشی: "بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە و پرسی بودجە و داتاکانی سەرژمێری، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە لە چەندین وەزیر، بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتەکان پێکاهاتبوون سەردانی بەغدایان کردووە، بەڵام ئەم پرسە تاوەکو ئێستاش بە یەکلانەکراوەیی ماوەتەوە و سەردانەکان بەردەوامن".
لە 20 بۆ 22ی تشرینی دووەمی 2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتیی کرا و بەگوێرەی سەرژمێرییەکە، کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق (هاووڵاتییانی عێراقی و بیانی)، گەیشتووەتە 46,118,793 کەس.
ژمارەی هاووڵاتیانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بەپێی سەرژمێریی 2024
هەرێمی کوردستان:
ژمارەی دانیشتووان: 6,525,129
هاووڵاتییانی عێراق: 455,044
٪6.97
پارێزگای دهۆک:
ژمارەی دانیشووان: 1,599,871
هاووڵاتییانی عێراق: 160,295
٪10.02
پارێزگای هەولێر:
ژمارەی دانیشتووان: 2,523,534
هاووڵاتییانی عێراق: 186,000
٪7.37
پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە:
ژمارەی دانیشتووان: 2,401,724
هاووڵاتییانی عێراق: 108,749
٪4.53


