كوڕێكی عەلی باپیر دەبێتە فیتەر

31-05-2016
فەرهاد چۆمانی
نیشانەکردن عەلی باپیر
A+ A-
رووداو- هەولێر

رۆژێكی نوێی پڕ كار لە پیشەسازیی باشوور دەستپێدەكات، میكانیكییەكان هاتوونەتەوە سەر كار و تا ئێوارە سەرقاڵی چاككردنەوەی ئەو ئۆتۆمبیلانە دەبن كە لەكاركەوتوون. ئەو كەسانەی لە ناوچەی پیشەسازی باشوور كاردەكەن، زۆربەیان چەندین ساڵە فیتەرن، هەندێكیشیان لەوەتەی بەبیریان دێ فیتەرن. شەریف تازە دەستبەكار بووە و دەیەوێ لە رێگەی پیشەی میكانیكییەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بكات.

شەریف كوڕی عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانە، ئەو تا دوێنێش چاوی لە دەستی باوكی بووە رۆژانەی بداتێ‌، بەڵام ئێستا دەیەوێ‌ لەسەر پێی خۆی بوەستێ‌ و چیدی پارە لە باوكی وەرنەگرێ‌.

شەریف بەر لەوەی دەست بەكاركردن بكات، لە باوكی دەپرسێت: باوكە ئاساییە بۆ خۆم كارێك بكەم؟ باوكیشی لە وەڵامدا پێیدەڵێت "بۆ نا، من بە منداڵی كرێكاریم كردووە، تۆش هەرچی پێت خۆش بوو بیكە، هەر كارێكی حەڵاڵ بێت". لەدوای ئەو رێگەپێدانە، شەریف عەلی باپیر وەكو شاگردێك لەبەر دەستی فیتەرێك لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور دەستبەكار دەبێت.

شەریف هەموو بەیانییەك جلی كار دەپۆشێت و بەرەو ناوچەی پیشەسازی دەچێت، لەوێ‌ لە دووكانێكی گەورەدا سەرقاڵی كاركردنە. ئەو وەكو هەر شاگردێك كە تازە دەستبەكار دەبێت، كاری سەرەتایی دەكات، بەڵام ئەو دەیەوێ‌ زوو هەنگاوێكی گەورە بهاوێت.



شەریف بەدەم كاركردنەوە گوتی "خەریكی كاری فیتەریم، بەڵام جارێ نەبوومەتە وەستا، هێشتا سەرەتام لە ئیشەكەدا و وردە وردە دەستم پێكردووە. لە ئیشەكەدا سەرقاڵی ئیشی كۆمپیوتەریم، كە لە رێگەیەوە ئۆتۆمبیلەكان دەپشكنم. جار جار دەست لە ئیشەكانی دیكەش وەردەدەم و پێمخۆشە ئیشەكانی دیكەش فێر ببم".

شەریف هەر لە ئێستاوە دەیەوێ‌ خاوەنی گیرفانی خۆی بێت و دەڵێت "ئیشەكەم بۆ خۆ ژیاندنی خۆمە، من خۆم نە لە حكومەت و نە لە حیزب پارەم نییە، هەر ئەوە بوو كە باوكم پێیدەدام، بە باوكمم گوت ئەو پارەیەی تا ئێستا پێتداوم، هەوڵ دەدەم خۆم پەیدای بكەم".

ئەو دەڵێ "سەروەستاكانم لەگەڵم پشوودرێژ و نەرمن، هەم من زوو فێرە كارەكە دەبم، هەم ئەوانیش پشوویان زۆر درێژە لەگەڵم".

شەریف عەلی باپیر خوێندكاری دوانزەی ئامادەیی بووە، دوای رووداوێكی هاتوچۆ وازی لە خوێندن هێناوە و ئێستا وەك میكانیكێك لە یەكێك لە وەرشەكانی چاككردنەوەی ئۆتۆمبیل رۆژانە زیاتر لە هەشت كاژێر كاردەكات. 

شەریف دەیەوێ هاوشانی كارە تازەكەی درێژە بە خوێندنەكەیشی بداتەوە. لەو بارەیەوە گوتی "دوو ساڵ پێش ئێستا لە خوێندن دابڕام، نەمتوانی لەبەر نەخۆشی درێژە بە خوێندن بدەم، پۆلی 12ی ئامادەیی بووم، بەڵام بەتەواوی دانەبڕاوم و نیازم هەیە دەست بە خوێندن بكەمەوە، لەگەڵیشیدا درێژە بە كارەكەم دەدەم".



وەستاكەی شانازی پێوە دەكات

 حەمید، لە پۆلی شەشی سەرەتاییەوە وازی لە خوێندن هێناوە و كاری میكانیكی دەكات، ئێستا سەروەستای شەریفە و  دەڵێ هەستی نەكردوە كوڕی بەرپرسێكە. حەمید گوتی "كوڕێكی زۆر ئاساییە و زۆرمان خۆشدەوێ، زۆر خۆشحاڵین هاتووەتە لامان كاردەكات، ئێمەش  هاوكاری دەكەین بۆ ئەوەی فێر ببێ‌".

تاوەكو ئێستا رۆژانەی كاری شەریف عەلی باپیر دیارینەكراوە. ئەو دەڵێ چاوەڕێم خاوەنی دوكانە وەرشە میكانیكییەكە بێتەوە و رۆژانەی بۆ دیاری بكات.

شەریف عەلی باپیر پەیامێكی بۆ كوڕی بەرپرسان هەیە "پەیامێكم بۆ كوڕی بەرپرسان هەیە، لە هەر پۆست و پێگەیەك دابن، با پێیان عەیب نەبێت خۆیان بژیێنن، شەرم لە كار نەكەن، عەیب ئەوەیە چاوەڕێی حیزب و حكومەت بكەیت، یان بە دزی یان هەر شێوەیەكی دیكە بژیت، دەبێ پشت بە خۆت ببەستی".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە