رووداو دیجیتاڵ
پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە یاداشتێکی فەرمیدا بەکارهێنانی زانیارییە نهێنی و بڵاونەکراوەکانی لە کارمەندانی سەربازی و مەدەنیی وەزارەتەکەی قەدەخە کرد بۆ ئەنجامدانی گرەو لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەپێی ئەو یاداشتەی تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی دەستی کەوتووە و لە 20ـی تشرینی یەکەم ئاراستەی سەرکردایەتیی باڵای پێنتاگۆن و فەرماندەکانی جەنگ کراوە، هێگسەس رایگەیاندووە کە ئەم قەدەخەکردنە هەردوو جۆری زانیاریی نهێنی و ئاشکرا دەگرێتەوە، بەتایبەتیش پلاتفۆرم و بازاڕەکانی پێشبینیکردنی وەک پۆلیمارکێت و کڵاشی کە ناویان لە یاداشتەکەدا هاتووە.
وەزیری جەنگ هۆشداریی داوە کە مامەڵە داراییەکان لە بازاڕەکانی پێشبینیکردندا دەکرێت جووڵە سەربازییە هەستیارەکان بۆ "دوژمنانی دەرەکی" ئاشکرا بکەن و گیانی سەربازانی ئەمریکی بخەنە مەترسییەوە.
هێگسەس نووسیویەتی: "هەڵە تێمەگەن لەوەی بۆچی ئەمە گرنگە. دوژمنەکانمان چاودێریی جووڵەکانی ناو ئەم بازاڕانە دەکەن. کاتێک سەربازێکی ئەمریکی، کارمەندێکی هەواڵگری یان مەدەنییەکی وەزارەتەکەمان مامەڵەیەکی دارایی لەسەر دەرئەنجامێکی سەربازی دەکات، ئەوان ئاماژەیەک دروست دەکەن."
وەزیری جەنگی ئەمریکا روونیکردووەتەوە کە دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان دەتوانن شیکاری بۆ چالاکییەکانی گرەوکردن بکەن بۆ ئەوەی پێشبینیی جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئامانجەکان و کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان بکەن. یاداشتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە هەر کەسێک ئەم بڕیارە پێشێل بکات، رووبەڕووی سزای کارگێڕی یان رێکاری تاوانکاری دەبێتەوە لەژێر سایەی یاسای فیدراڵی یان یاسای یەکگرتووی دادوەریی سەربازی.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە چاودێرییەکان لەسەر بەشداریکردنی سەربازان لە بازاڕەکانی پێشبینیکردنی سەربازیدا زیادی کرد.
لە مانگی نیساندا، سەربازێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا کە بەشدار بوو لەو ئۆپەراسیۆنەی بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەستگیرکرا دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بەوەی پێش بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵکوتانەسەرەکە لە میدیاکان، گرەوی لەسەر دوورخستنەوەی مادورۆ لە پۆستەکەی کردبوو.
لێکۆڵەرە فیدراڵییەکان پێیان وایە گانۆن کێن ڤان دایک، کە پلەی سەربازیی ماستەر سێرگانتی هەیە، لە ماوەی چەند کاژێرێکدا زیاتر لە 33 هەزار دۆلاری لە پلاتفۆرمی پۆلیمارکێت گرەو کردووە پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستگیرکردنی مادورۆ رابگەیەنێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 409 هەزار دۆلار قازانج بباتەوە.


