رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک بەندکراو لە گرتووخانەیەکی کرماشان رایانکرد و رێکخراوی گرتووخانەکانی کرماشان دەڵێت، سێ کەسیان دەستبەسەر کراونەتەوە.
ژمارەیەک بەندکراوی نێو گرتووخانەی نەوجەوانان و ژنانی شاری کرماشان ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 30-01-2025، رایانکرد و رێکخراوی گرتووخانەکانی کرماشان ئەمڕۆ هەینی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، 9 کەس توانیویانە بە بڕینەوەی پەنجەرەی ژووری نوێژکردنی گرتووخانەکە رابکەن.
ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران لە زاری سەرچاوەی تایبەتەوە بڵاویکردووەتەوە، 11 کەس رایانکردووە.
رێکخراوی گرتووخانەکانی کرماشان دەڵێت، سێ کەس لەوانەی رایانکردووە دەستبەسەرکراونەتەوە و هەوڵی دەستبەسەرکردنەوەی شەش کەسەکەی دیکەش دەدرێت.
گرتووخانەی نەوجەوانان و ژنانی کرماشان کە بە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەکردن دەناسێندرێت، دەکەوێتە نێو شاری کرماشان و ئەو منداڵ و نەوجەوانانەی لە پارێزگای کرماشان بە بەندکران سزا دەدرێن، لەو گرتووخانەیە رادەگیرێن. هەروەها بەشێکی تایبەتە بە راگرتنی بەندکراوانی ژن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ