رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەردوو قەزای سۆران و زاخۆ بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ. قایمقامی سۆرانیش دەڵێت، لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دروست کراوە.
هەڵگورد نەجیب، قایمقامی قەزای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە شێوەیەکی سەرەتایی بڕیار دراوە هەردوو قەزای سۆران و زاخۆ بکرێنە ئیدارەی سەربەخۆ، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و داتا پێکهاتووە و هەموو زانیارییەکان دەداتە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
قایمقامی قەزای سۆران گوتی: "کاتێک بڕیار بۆ گەرمیان و راپەڕین دەرچوو ببنە ئیدارەی سەربەخۆ، هەمان بڕیار بۆ سۆران و زاخۆش دەرچوو، بەڵام جێبەجێکردنەکەی دواخرا و ئێستا هەوڵ دەدرێت جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەین."
سۆران یەکێکە لە قەزا گەورەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، لە ساڵی 1980 بووەتە قەزا، ناحیەکانی دیانا، سۆران، سیدەکان و خەلیفان و نزیکەی 250 گوندی لەسەرن کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێرەوە.
قەزای زاخۆش، سەر بە پارێزگای دهۆکە و دەکەوێتە باکووری پارێزگاکە و هەرێمی کوردستان کە دەروازەیەکی بازرگانیی گەورەی بە ناوی "ئیبراهیم خەلیل" لەگەڵ تورکیادا هەیە.
زاخۆ 10 کیلۆمەتر لە تورکیا و 25 کیلۆمەتر لە سووریاوە دوورە. هەروەها شارێکی فرەنەتەوە و ئایینە و جگە لە کورد، ئەرمەنی و کلدان و ئاشووریشی تێدا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ