رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بەرپرسی مەڵبەندی سێی حیزبەکە سەردانی مەکتەبی رێکخستنی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد. بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر رایگەیاند، لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر دەکەن.
ئەمڕۆ 26ـی تەمموز، شاندێکی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی رێباز بێرکۆتی، بەرپرسی مەڵبەندی سێی هەولێر و ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکە، سەردانی مەکتەبی رێکخستنی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبەکەوە پێشوازییان لێکرا و کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، پشتیوان سادق گوتی: "لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندی قووڵ و مێژووییمان هەیە و بەردەوام دەبێ. لە هەندێک قۆناخدا کێشە و ناکۆکی هەبووە، بەڵام لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر کراون و دەتوانین پێکەوە هەنگاوەکانی داهاتووش ببڕین".
لەبارەی کۆبوونەوەی هەردوو حیزبەکەوە لە ئاستی باڵا، پشتیوان سادق، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە گوتی، کارکراوە بۆ کۆبوونەوەی ئاستی باڵاتر، بەڵام هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوە دیاری نەکراوە.
رێباز بیرکۆتی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "سەردانەکەمان بۆ تەبایی، برایەتی و یەکڕیزییە".
بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەگەر راگەیاندنەکان هاوکارمان بن، لەم ماوەیەدا کارەکان باش بەرەو پێشەوە دەڕۆن".
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە، مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دۆخی ئەمرۆی ناوچەكە تاوتوێ کرا؛ جەخت کرایەوە لە هاوئاهەنگی، برایەتی و پێكەوە کاركردن".


