رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، بازاڕی کاری بارهەڵگران لە هەرێمی کوردستان تووشی شێواوی بووە. شۆفێرانی بارهەڵگر ئاماژە بەوە دەکەن کرێی گواستنەوەیان گران کردووە، بەڵام بەهۆی بەرزیی تێچووەکانەوە هێشتا لە زیاندان.
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، گرانبوونی سوتەمەنی کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر کرێی گواستنەوەی کەرەستەکانی بیناسازی. شۆفێران دەڵێن بۆ هەر بارێکی بەرد، خۆڵ یان داروپەردی خانوو، نزیکەی 25 هەزار دینار خراوەتە سەر کرێی پێشوو، بەڵام ئەم زیادکردنە تەنیا بۆ پڕکردنەوەی جیاوازیی نرخی گازە.
سەردار حەمەسەعید، شۆفێری بارهەڵگر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گاز گران بووە، بۆیە ئێمە ناچار بووین نرخەکانمان بەرز بکەینەوە. جاران بارمان بە 60 هەزار دینار بۆ ناو شار دەگواستەوە، بەڵام ئێستا بە 85 بۆ 90 هەزار دینارە." ئەو شۆفێرە ئاماژە بەوەش دەکات نرخی یەک دەبە گاز لە 12 هەزار دینارەوە بۆ 20 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا کوالێتییەکەشی وەکو پێویست نییە.
لە ناوچەی سەرچناری سلێمانی، دۆخەکە بۆ ئەو شۆفێرانەی کەلوپەلی ناوماڵ و پێداویستیی رۆژانە دەگوازنەوە جیاوازە. لەوێ نرخەکان بەو شێوەیە بەرز نەکراونەتەوە، بەڵام گرانبوونی گاز کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بژێویی شۆفێرەکان دروستکردووە.
وەستا حەمەئەمین تەلانی، شۆفێرێکی دیکەیە و باس لە کورتهێنانی داهاتەکەی دەکات و دەڵێت: "تەنیا گاز نییە، بەڵکو نرخی رۆن، پەنچەر و هەموو پێداویستییەک گران بووە، کەچی کرێی ئێمە وەکو خۆیەتی. کار زۆر کەم بووەتەوە و هەندێک جار بە مانگ دینارێکمان دەستناکەوێت."
ئەم گرانبوونی نرخە لە کاتێکدایە پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابوو نرخی گاز و بەنزینی بازرگانی داببەزێنرێت، بەڵام لە بازاڕەکانی سلێمانیدا ئەو بڕیارە رەنگدانەوەی نەبووە.
ئێستا نرخی یەک لیتر گاز لە هەرێمی کوردستان، پێشتر بە 600 دینار بوو، بەپێی رۆژ و کوالێتییەکەی لە نێوان 950 بۆ سەروو هەزار دیناردا دەفرۆشرێت، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ خاوەن بارهەڵگرەکان و هاونیشتمانیانیش دروست کردووە.

