حکومەت: کارەبای حەوت گەڕەکی دیکەی هەولێر دەکرێتە 24 کاژێری

30-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "رووناکی"، حەوت گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر کارەبایان دەکرێتە 24 کاژێری.
 
راگەیێندراوەکەی حکومەت ئەمڕۆ (شەممە، 30-11-2024) بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا هاتووە، "پڕۆژەی رووناكی لە گەڕەكەكانی هەولێر بەردەوامە و بڕیارە بەمزووانە حەوت گەڕەکی دیکە کارەبایان بکرێتە 24 کاژێری".
 
ئەو گەڕەکانەی حکومەت باسیان دەکات ئەمانەن: کوران، شەهیدانی كوران، بەهاری كۆن، كرێكاران، كوردستان، نەسیج و رزگاری.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دەست کراوە بە چاككردنی پێوەری كارەبای ماڵەكان لەو گەڕەكانە و هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی دەکرێت. "بەهۆی كاركردن لەو گەڕەكانە، لە کاژێر 08:00ـی بەیانی تاوەکو 05:00ـی بەیانی كارەبای نیشتمانی و مووەلیدەشیان نابێت."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی کە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، "بڕیارە لە دوو ساڵدا سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ببنە خاوەن كارەبای 24 کاژێری." 
 
پڕۆژەی رووناکی بەشێوەی پۆست پەیدە و جیاوازە لە پریپەید، بەو پێیەی پریپەید کڕینی بڕی کارەبا بە شێوەی کارتە، بەڵام لە پۆست پەید دا هەمان سیستمی کارەبای نیشتمانیی ئێستایە و مانگانە بەگوێرەی بڕی بەکارهێنان پارە دەدرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.