بافڵ تاڵەبانی: دانانی حکومەت بەبێ ئێمە مەحاڵە

30-10-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، باڵانسی هێزیان رێککردووەتەوە و پێکهێنانی حکومەتیش بەبێ یەکێتی بە "مەحاڵ" ناودەبات. هەر لەبارەی پێکهێنانی حکومەت گوتی، "ئەگەر دانەنیشین بۆ پێکهێنانی، ئامادەین بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن."
 
لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تایبەتی دیداری مێری؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی، "دوای هەڵبژاردن کۆتایی بە پرۆسەکە نەهاتووە، بەڵکو ئێستا قووڵایی پرۆسەکە دەستپێدەکات و دەکەوێتە سەر ئەوەی کام لایەن بەهێزە بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت." ئاماژەی بەوەش کرد، "پرۆسەی هەڵبژاردنم بەدڵ بوو."
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوە کرد، "حەزم لەوە نییە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت درێژە بکێشێت." دەشڵێت، "تازە فێربووم بە مایکرۆفۆن شکاندن، بۆیە ئامادەم بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ئەگەر دانەنیشین بۆ پێکهێنانی حکومەت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بافڵ تاڵەبانی گوتی، "هەر لایەنە و بچێت قسە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکات، بزانین کێ 50 کۆ یەکی بۆ کۆدەکرێتەوە [بۆ پێکهێنانی حکومەت]."
 
سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت و دامەزراوەکانی تایبەت نین بە کەسێک، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بەوە تۆمەتبار کرد کە "ئاگای لە هیچ داتایەک نییە."
 
لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش بافڵ تاڵەبانی گوتی، "ژینگە بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دروست نەکراوە. من ئەگەر راشکاو بم، ئەو دەستپێشخەرییە لە پارتی نابینم بۆ ئەوەی هێزەکان یەکبخرێن."
 
"هەڵبژاردنەکە زۆر باش بوو"
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنەکەی 20ی ئەم مانگەوە گوتی، "تاڕادەیەک هەڵبژاردنەکە زۆر باش بوو، بەڵام لە هەندێک شوێن تەهدید و لێدان هەبوو، رەنگە شتی دیکەش لە ناوچەیەک هەبێت کە پێویستبێت خەڵک بە وردی دیراسەی بکات."
 
لەبارەی پلانی بانگەشەوە ئاماژەی بەوە کرد، "تاکتیک و بەرنامەکەی ئێمە لە بانگەشە زۆر زۆر سەرکەوتوو بوو، کە لە هەر شوێنێک کارێکی تایبەت و قسەیەکی جیاواز بکەین بۆئەوەی نەیارەکانمان هەمیشە لە بەرگریدا بن."
 
"حەزم لە جیاوازی لەنێوان زۆنەکان نەبووە"
 
بافڵ تاڵەبانی باسی دابەشبوونی هەرێمی کوردستانی کرد بەسەر دوو زۆندا و گوتی، "هەرگیز حەزم لە جیاوازیی نێوان زۆنەکان نەبووە، بەڵام ئەوە راستییەکە کە خەڵک دەیبینێت، ئێستا زۆنی سەوز؛ سەوزە. دەمێک ساڵە دەنگی وامان لە هەڵەبجە، دەربەندیخان و گەرمیان نەهێناوە، ئەمجارە زۆنەکەی خۆمان سەوزە، ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر پشتت قایم بێت، دەتوانیت خێراتر بەرەوپێش بڕۆیت."
 
"لەگەڵ حیزبەکان پێویستمان بە یەکدییە"
 
لەبارەی دۆخی حیزبەکەشیەوە گوتی، "ئەم سەرکردایەتییەی ئەمڕۆی یەکێتی دوو ساڵە هەیە، بەو دوو ساڵە گۆڕنکاریی زۆر گەورەمان کردووە."
 
بافڵ تاڵەبانی باسی پەیوەندیی نێوان حیزبەکانی کرد و گوتی، "ئێستا دەبێت ئێمە [حیزبەکان] زیاتر یەکدی بخوێنینەوە و رێز لە یەکدی بگرین، چونکە پێویستمان بە یەکدییە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە