سەرۆکى دادگەى باڵاى تاوانەکانى عێراق: 138 بەرپرسی حیزبى بەعس ئازاد کراون

30-10-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن رژێمی بەعس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى دادگەى باڵاى تاوانەکانى عێراق دەڵێت، 159 بەرپرسی پێشووى حیزبى بەعس سزادراون و 138ـی دیکەشیان ئازاد کراون، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەندامانى خێزانى سەدام حوسێنیش دەرکراوە. 
 
عەلى کەمال، سەرۆکى دادگەى باڵاى تاوانەکانى عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای عێراقی رایگەیاند، 23 بڕیارى دادگە لە دۆسیەى تایبەت بە بەرپرسانى پێشووى حیزبى بەعس لە عێراق دراون و لەسەر بنچینەیان 159 کەس بڕیارى دادگە دژیان دراوە و 138 بەرپرسی دیکەیشیان ئازاد کراون.
 
سەرۆکى دادگەى باڵاى تاوانەکانى عێراق ئاماژەى بەوەش دا؛ شەش هەزار و 178 دۆسیە بەشێوەیەکی کاتى یان بەهەمیشەیی داخراون، ئەوەش بەهۆى نەبوونى بەڵگەى پێویستەوە.
 
لە ساڵى 2003 و پێش رووخانى دەسەڵاتى حیزبى بەعس لەلایەن هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ناوی 55 بەرپرسی باڵاى دەسەڵاتى بەعس وەک تۆمەتبارى داواکراو بڵاوکرایەوە کە بە سەدام حوسێن دەستی پێکردبوو.
 
سەرۆکى دادگەى باڵاى تاوانەکانى عێراق دەڵێت، لەو 55 داواکراوە، 33ـیان دەستگیرکراون و دادگاییکراون، 17ـیان هەڵاتوون و چواریان بەر لەوەى دەستگیربکرێن لە ژیاندا نەماون و یەکێکی دیکەشیان لە گرتووخانە گیانى لەدەستداوە.
 
عەلى کەمال ئاماژە بەوە دەدات؛ فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ئەندامانى خێزانی سەدام حوسێن دەرکراوە بۆ ئەوەی لەسەر چەندین دۆسیە لەلایەن دادگەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، لەوانە بەهەدەردانى سامانى نیشتمانى. 
 
دادگەى سێى کەرخ لە بەغدا لە 22ـی تشرینى یەکەمى 2023 بڕیارێکی لەبارەی رەغەدی کچە گەورەی سەدام حوسێن دەرکرد و بڕیاریدا بێ ئامادەبوونی خۆی و بە شێوەی کاتی، بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزای بدات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گوایە رۆڵی لە بڵاوکردنەوە و بانگەشەکردن بۆ چالاکییەکانى حیزبى بەعسى قەدەخەکراو هەبووە لە رێگەى دەرکەوتنى لە کەناڵەکانى راگەیاندن لە ساڵى 2021. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە